بە گوژمەی 440 ملیۆن دینار پڕۆژەیەک لە گەڕەکی پێنجی حەسارۆک جێبەجێدەکرێت

گەڕەکی پێنجی حەسارۆک.
گەڕەکی پێنجی حەسارۆک.

K24 – هەولێر:

پڕۆژەی دروستکردنی شەقامێکی 30 مەتری و ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەکی پێنجی حەسارۆکی شاری هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە چوارچێوەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، پڕۆژەی دروستکردنی شەقامێکی 30 مەتری و ئاوەڕۆی لوولەیی لە گەڕەکی پێنجی حەسارۆکی شاری هەولێر، بە گوژمەی 440 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر دەچێتە بواری جێبەجێکردن.

تەواوبوونی پڕۆژەکە دەبێتە هۆی ئاسانكارییەكی باش بۆ دانیشتووانی ئەو گەڕەكە و دەوروبەری. هاوكات ئێستا لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ژمارەیەك پرۆژەی هەمەجۆری خزمەتگوزاری لە بواری دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی شەقام و قیرتاوكردن لە قۆناغی جێبەجێكردندان.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، گرنگییەکی زۆری بە پڕۆژەکانی رێگاوبان داوە، بە جۆرێک وەک شادەماری بووژانەوەی سێکتەرەکانی دیکەی بازرگانی، پیشەسازی، کشتوکاڵ و گەشتیاری دانرا و زیاتر لە 600 پرۆژە لەو بوارە بە گوژمەی نزیکەی سێ ترلیۆن دینار ئەنجامدراوە.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە گشتی 624 پرۆژە بە گوژمەی نزیکەی سێ ترلیۆن دینار کاریان تێدا کراوە، کە 418 پرۆژەیان تەواوکراون و گوژمەکەیان نزیکەی ترلیۆنێک دینار بووە. هەروەها 206 پرۆژەش بە گوژمەی زیاتر لە ترلیۆنێک و 892 ملیار دینار کارکردن تێیاندا بەردەوامە و بەرێژەی جیاواز کارەکانیان تەواوکراوە.