شاخەوان محەممەد: دایک و باوکێک بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتن بە منداڵەکانیانەوە لە کەلار دەستگیرکراون

شاخەوان محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی پۆلیسی تاوانی رێکخراو لە گەرمیان
شاخەوان محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی پۆلیسی تاوانی رێکخراو لە گەرمیان

K24 – گەرمیان:

خێزانێک لە گەرمیان بەهۆی کڕین و فرۆشتن بە سێ لە منداڵەکانیان، بە فەرمانی دادوەر دەستگیردەکرێن و تەمەنی منداڵەکانیشیان لە نێوان سێ مانگ بۆ ساڵێکدایە.

رۆژی یەکشەممە (12ـی تشرینی دووەمی 2023) شاخەوان محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی پۆلیسی تاوانی رێکخراو لە گەرمیان بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەسەر سکاڵای هاووڵاتییەک، دایک و باوکێک دەستگیرکراون بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتن بە منداڵەکانیان.

شاخەوان محەممەد ئاماژەی بەوەکرد، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک سکاڵا لەسەر خێزانێک تۆمار دەکات بەهۆی ئەوەی پێشتر منداڵێکیان پێ فرۆشتووە و دواتر منداڵەکەیان بردووەتەوە و پارەکەشیان نەگەڕاندووەتەوە، ژن و پیاوێک کە خەڵکی ناوحیەی رزگای سنووری ئیدارەی گەرمیانن، لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی گەرمیان دەستگیرکراون.

هاوکات بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەری نووسینگەی پۆلیسی تاوانی رێکخراو لە گەرمیان، ئەو دایک و باوکە لە لێکۆڵینەوەکانیاندا دانیانناوە بەوەی پێشتریس دوو منداڵی دیکەیان فرۆشتووە و لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕێک پارە کە لە ملیۆنێک و 500 هەزار دینار تاوەکو هەزار دۆلار بووە.

لەبارەی تەمەنی منداڵەکانەوە، شاخەوان محەممەد رایگەیاند، تەمەنی منداڵەکان لە نێوان سێ مانگ بۆ ساڵێکدا بووە کە لەلایەن دایک و باوکیانەوە فرۆشراون و ئەمەش یەکەم حاڵەتی لەو شێوەیە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان تۆمار دەکرێت.

هەروەها ئەو دایک و باوکە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی گەرمیان دەستگیرکراون کە بەپێی یاسای ژمارە (6)ـی ساڵی 2018ـی پەرلەمانی کوردستان، بە هەموو شێوەیەک بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان قەدەغەکراوە.