قوتابیان لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان هۆشیار دەکرێنەوە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

ناوەندەکانی خوێندن و قوتابخانەکان  یەکێکن لەو شوێنانەی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر چاویان لەسەریەتی بیکەنە رێگایەک بۆ بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکان، بۆ هۆشیارکردنەوەی قوتابیان لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگری لە بڵاوبونەوەی ماددە هۆشبەرەکان هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە لە ناوەندەکانی خوێندن بەڕێوەدەچێت.

لە 100 قوتابخانەی سنووری بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر بە ئەنجامدانی 100 سیمینار هەڵمەتی هۆشیارکردنەوەی قوتابیان بەڕێوەدەچێت، بڕیارە ئەم هەڵمەتە ببرێتە تەواوی شاروشارۆچکەکان.

 توێژەرێکی کۆمەڵایەتی رایدەگەیەنێت: لە قوتابخانەکان کەیسی توشبوون بە ماددەی هۆشبەر هەیە و کافتریا و کێشانی نیرگەلە بەکاردەهێنرێت بۆ توشبوونی قوتابیان.

ئالان عەلی، توێژەری کۆمەڵایەتی بە کوردستان24ی گوت: "کافتریاکان بۆ تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان بەکار دەهێنرێن، چونکە دەیکەنە ناو نێرگلە و تامەکەی خۆش دەکەن بۆ ئەوەی زۆرترین کەس رووی تێبکات، کاتێک قوتابییەک دەچێت ئەوانی دیکەش لەگەڵ خۆی دەبات، واتا مەترسی هەیە ماددەی هۆشبەر لە رێگەی کافتریاکانەوە بگوازرێتەوە ناو قوتابخانەکان".

دامەزروەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییانیان لە مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر دەستپێکردووە، ئێستا ئەو هەڵمەتە لە ناوەندەکانی خوێندیش هەیە، لە نۆ بەڕێوەیەرایەتی سنووری پەروەردەی هەولێر  بەڕێودەچێت و هۆکارەکانی تووشبوون بۆ هاووڵاتییان روون دەکرێتەوە.

سەعید محەممەد ئەمین، سەرۆکی کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی کوردستان دەڵێت: "دەمانەوێت لە تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکانی دیکەی پەروەردە هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە دەست پێبکەین، چونکە تێبینی ئەوەمان کردووە، بەشێک لە دیاردە و حاڵەتی دەروونی لە بواری ماددەی هۆشبەر و کێشە و گرفتە پەروەردەییەکان هەن، بۆیە بە پێویستمان زانی لەو بابەتە هاوکاری وەزارەتی پەروەردە و ناوەندەکانی خوێندن بین".

بەگوێرەی زانیارییەکان لەم ماوەیەدا ژمارەیەک بازرگانی ماددەی هۆشبەر لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراون و تۆڕەکانیان هەڵوەشێنراوەتەوە، لەگەڵ ئەوەی هێزە ئەمنییەکان هەوڵەکانیان بۆ رێگریکردن لە بازرگانی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان چڕ کردووەتەوە، هاوکات دامەزراوەکانی دیکەی حکومەت دەیانەوێت لە رێگەی چەندین هەڵمەتەوە هۆشیاری لەبارەی هۆکار و مەترسییەکان ماددە هۆشبەرەکان بڵاوبکەنەوە.