فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا کەوتەخوارەوە؛ پێنج سەرباز گیانیان لەدەستدا

دیمەنی فڕۆکە سەربازییەکەی ئەمەریکا دوای تێکشکانی
دیمەنی فڕۆکە سەربازییەکەی ئەمەریکا دوای تێکشکانی

K24 - هەولێر

بەهۆی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا لە دەریای ناوەڕاست، پێنج سەربازی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستدا. ئەمە شەشەم رووداوی تێکشکان و کەوتنەخوارەوەی هێزی ئاسمانی ئەمەریکایە.

فەرماندەیی سوپای ئەمەریکا لە ئەوروپا سەبارەت بە رووداوەکە رایگەیاند، رۆژی هەینی، 10-11-2023، لەکاتی راهێنانێکی سەربازی لە دەریای ناوەڕاست، فڕۆکەیەکی سەربازییان لەکاتی وەرگرتنی سووتەمەنی کەوتووەتەخوارەوە و هەر پێنج سەربازی نێو فڕۆکەکە گیانیان لەدەستداوە.

ئەمە یەکەمجار نییە فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە کاتی مەشقی سەربازیدا تێکدەشکێن و سەرنشینەکانی گیان لەدەستدەدەن. تەنیا ئەمساڵ چەندین سەربازی ئەمەریکا بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و ئەمەش نیگەرانی سەربازانی  هێزی ئاسمانی ئەمەریکای لێکەوتووەتەوە.

مانگی شوباتی ئەمساڵ، هەلیکۆپتەرێکی جۆری بلاک هاوکی سەر بە هێزی پاسەوانی نیشتیمانی تێنێسێ لە کاتی ئەنجامدانی مەشق لە ئالاباما کەوتەخوارەوە و دوو سەرباز گیانیان لەدەست دا.

هەمان مانگ، هەلیکۆپتەرێکی ئاپاچی لەکاتی فڕین لە فڕۆکەخانەی تۆکیتنا لە ئالاسکا کەوتەخوارەوە و بەهۆیەوە دوو سەرباز برینداربوون.

مانگی ئادار، لە کاتی مەشقکردن، دوو هەلیکۆپتەری جۆری بلاک هاوک لە کنتاکی خۆیان بەیەکداکێشا و بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەر نۆ سەربازی سەرنشینی دوو هەلیکۆپتەرەکە.

بەهەمان شێوە، لە مانگی نیسان، دوو هەلیکۆپتەر ئاپاچی لە ئالاسکا خۆیان بەیەکدا کێشا و تێکشکان، لە ئەنجامدا سێ سەرباز گیانیان لەدەستدا و یەکیشیان برینداربوو.

مانگی ئایار، هەلیکۆپتەرێکی جۆری ئەپاچی لە کاتی مەشقی سەربازی لە یەکێک لە بنکە سەربازییەکان لە واشنتن کەتەخوارەوە، بەهۆیەوە دوو هەردوو سەرنشینی فڕۆکەکە بە سەختی برنیداربوون.