ئیسرائیل: 900 هەزار کەس لە باکووری غەززەوە چوونەتە باشوور

ئاوارەبوونی دانیشتووانی باکووری غەززە بەرەو باشووری کەرتەکە (وێنە: Mahmud Hams/AFP)
ئاوارەبوونی دانیشتووانی باکووری غەززە بەرەو باشووری کەرتەکە (وێنە: Mahmud Hams/AFP)

K24 - هەولێر

ئاوارەبوونی دانیشتووانی باکووری کەرتی غەززە بۆ باشووری کەرتەکە بەردەوامە. سوپای ئیسرائیل دەڵێت، تا ئێستا 900 هەزار فەڵەستینی لە باکوورەوە روویان لە باشوور کردووە.

دانیشتووانی غەززە لەو باوەڕەدابوون جەنگەکەی ئیسرائیل و حەماس درێژە نەکێشێت، بەڵام جەنگەکە پێی ناوەتە مانگی دووەمی و تا دێت ئاڵۆزتر دەبێت. خەڵکەکە پارەیان نییە لە شوێنی کرێ بژین و ناچارن لە قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان بمێننەوە.

ئاوارەیەکی باکووری غەززە دەڵێت: "رۆژانە مردن و خوێنڕشتن و بۆردوومان هەیە، یەک خولەکیش لە غەززە بەبێ بیستنی تەقینەوە تێناپەڕێت. چەندین رۆژ بێ خۆراک دەبین، بڕیارماندا رابکەین تەنانەت ئەگەر لەسەر دەستی ئیسرائیلییەکان مەترسی کوژرانمان لەسەربێت، ئاوارەبووین تا بگەینە شوێنێکی سەلامەت. داوا لە جیهان دەکەین وەک مرۆڤ سەیرمان بکەن نەک تەنیا وەک ژمارە و هەروەها ئاگادارمان بن."

جگە لەوەی دانیشتووانی باکووری کەرتی غەززە چەندین رۆژ بە ترس و نەهامەتیدا تێپەڕیون تا بپەڕنەوە باشووری کەرتەکە، ئێستا ئاو و خۆراک و شوێنی خەوتنیان نییە، لە کاتێکدا وەرزی زستان نزیک بووەتەوە.

ئاوارەیەکی دیکەش ئاماژە بەوە دەدات، "لە غەززەوە بەپێ هاتین، تەنیا خودا دەزانێت لە دۆخێکی چەند خراپداین، خێزان و منداڵەکانم لەگەڵە و ژیان مەحاڵ بووە، بەتایبەتی بۆ باوکێک کە بەرپرسیارەتی لەسەر شانە. پارەم نییە تا خواردن بکڕم، جلێکی کورتم لەبەرە و شەوانیش زۆر ساردە، نزا بۆ لێبوردەیی خودا دەکەین."

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکردووە، نزیکەی نیوەی خانووەکانی باکووری غەززە وێرانکراون، ئێستا نزیکەی 900 هەزار دانیشتووی باکووری کەرتی غەززە لە باشووری کەرتەکەن، کرێی شوێنی مانەوەش لە 150 دۆلارەوە گەیشتووەتە هەزار دۆلار.

 رۆژانە خەڵک بەدوای خۆراک دەگەڕێن و نرخی خواردنیش بەرزبووەتە، پێش جەنگ نزیکەی لە ٪80ـی خەڵکی غەززە لە هێڵی هەژاریدابوون، نزیکەی دوو لەسەر سێی خەڵکەکەشی لەسەر هاوکاریی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ژیاون.