جۆزێپ بۆرێل داوا دەکات رێڕەوێکی دەریایی بۆ کەرتی غەززە بکرێتەوە

K24 - هەولێر

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا داوای ئاگربەستی خێرا و دامەزراندنی رێڕەوی مرۆیی بۆ کەرتی غەززە دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت رێڕەوێکی دەریایی بکرێتەوە بۆ هێنانی هاوکارییەکان بۆ دانیشتوانی کەرتی غەززە.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، "یەکێتی ئەوروپا نیگەرانە لە خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی لە غەززە".

گوتیشی: شەڕ و پێکدادانەکانی غەززە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر نەخۆشخانەکان هەیە، هەروەها زیانێکی زۆری بە هاووڵاتیانی مەدەنی و کارمەندانی پزیشکیدا گەیاندووە، ئاماژەی بەوەشکرد، یاسایی مرۆیی نێودەوڵەتی، ئەوە دیاری دەکات کە دەبێت نەخۆشخانەکان و پێداویستییە پزیشکییەکان و هاووڵاتیانی مەدەنی لەناو خۆیاندا بپارێزرێن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "دەبێت نەخۆشخانەکان دەستبەجێ پێداویستی پزیشکی پێویستیان بۆ دابین بکرێت و ئەو نەخۆشانەی پێویستیان بە چاودێری بەپەلەیە دەبێت بە سەلامەتی بگوازرێنەوە".

لە هەمان کاتدا یەکێتی ئەوروپا جارێکی دیکە داوای لە حەماس کرد دەستبەجێ و بێ مەرج هەموو دەستبەسەرکراوەکان ئازاد بکات، هەروەها داوای کرد کە کۆمیتەی نێودەوڵەتی خاچی سوور ڕێگەی پێبدرێت سەردانی ئەو دەستبەسەرکراوانە بکات.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، کە زیاتر لە 11 هەزار کەس کوژران و نزیکەی 28 هەزار کەسیش بریندار بوون.