شاخەوان عەبدوڵڵا: دەبێت زەوی بەو کەسانە بدرێت ماددەی 140 دەیانگرێتەوە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ماددەی 140 لە دوو بڕگە پێکدێت، کە بریتین لە پێدانی زەویی و قەرەبووکردنەوە، بۆیە لە کۆبوونەوەی حکومەت و پەرلەمانی عێراق بڕیاردراوە، وەکو قۆناغی یەکەم زەوی بەو کەسانە بدرێت، کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە.

ئەمڕۆ شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە خانەقین رایگەیاند، بە مەبەستی لە نزیکەوە گوێگرتن لە گیروگرفتەکانی خەڵکی خانەقین بین، چەند مانگێکە لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکان ویستوومانە سەردانی خانەقین بکەین، خانەقین یەکێکە لەو شارانەی کە قوربانی زۆریداوە و مێژوویەکی پڕ لە سەروەری هەیە".

گوتیشی: "ئەمڕۆ لە نزیکەوە سەردانی ئیدارە و قایمقام و بەڕێوەبەری فەرمانگە ئیداری و دامەزروە خزمەتگوزارییەکانی خانەقینمان کرد و کۆبووینەوە، ئەو گیروگرفتەی کە هەبوو لەلای ئەوان بە وردی گوێبیستی بووین و بابەتێکی دیکەش هەبوو، لە کۆبوونەوەکەدا باس کرا، ئەویش بابەتی ماددەی 140ـە، چونکە من جگە لەوەی لە سەرۆکایەتی پەرلەمانم لە لیژنەی ماددەی 140یشم، هەندێک هەنگاو نراوە لەبارەی کێشەی زەوی و زار کە کێشەیەکی گەورەیە لە خانەقین".

 شاخەوان عەبدوڵڵا، ئاماژەی بەوەدا: "هەندێک کێشەی زەوی و زار هەیە لە خانەقین چارەسەرمان کردووە، ئەو بڕیارانەی کە تەعریبی پێکراوە لە خانەقین، بیخەینە ناو هەمان پڕۆژە کە بۆ لیژنەی ماددەی 140 لە رابردوودا هەبووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ دۆسیەی مەندەلی بیکەینە بە یەک پڕۆژە و لە پەرلەمان تێیپەڕێنین".

راشیگەیاند، مادەی 140 دوو بەشی هەیە، لە دوا کۆبوونەوەی ئێمە و حکومەتی عێراقی بڕیار درا، بەشی یەکەمی قەرەبوو بکرێنەوە ئەوی دیکە پێدانی زەوی بێت، ئەوانەی کە ماددەی 140 دەیانگرێتەوە زەویان پێبدرێت و بکرێت بە ئەولەویەت، دەستنیشانکردنی زەوییەکان بخرێتە پێش هەموو چینەکان، کەواتە زەوی بەهەموو ئەوانە دەدرێت کە مادەی 140 دەیانگرێتەوە.