لە هێرشێکی رووسیادا بۆ سەر پارێزگای ئیدلب زیاتر لە 90 کەس کوژران و بریندار بوون

K24 - هەولێر

ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکسی رووسی لەسەر زاری جێگری سەرۆکی ناوەندی بەرژەوەندییەکانی رووسیا لە سووریا بڵاوی کردەوە، کە "هێزەکانی رووسیا هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر ئامانجەکانی پارێزگای ئیدلبی سووریا 34 چەکداریان کوشتووە و زیاتر لە 60 کەسیشیان بریندار کردووە".

ڤادیم کۆلێت بە ئینتەر فاکسی راگەیاند، "هێزی ئاسمانی رووسیا هێرشی ئاسمانی لە پارێزگای ئیدلب ئەنجامدا بۆ سەر ئامانجی گروپە چەکدارە نایاساییەکان کە تێوەگلاون لە بۆردومانکردنی پێگەکانی هێزەکانی حکومەتی سووریا".

کۆلێت ئاماژەی بەوەشکرد، لە ماوەی 24 کاتژمێردا، حەوت جار هێرش کراوەتە سەر پێگەکانی هێزەکانی حکومەتی سووریا.

سوپای سووریا، چەکدارانی ئۆپۆزسیۆن تۆمەتبار دەکات بە دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەت لە پارێزگاکانی ئیدلب و حەلەب، هەروەها رەتیدەکاتەوە بۆردومانی ناوچە مەدەنییەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن بکەن.

بەرپرسانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن، مۆسکۆ و دیمەشق سەرقاڵی جیهان بە ململانێی غەززە دەقۆزنەوە بۆ پەرەپێدانی بۆردومانکردنی ناوچەیەک کە زیاتر لە سێ ملیۆن کەس تێیدا نیشتەجێن کە رەتیدەکەنەوە لەژێر دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی سەرۆکی ڕژێمی سوریادا بژین .

ئەمڕۆ دووشەممە، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا رایگەیاند، "هێزەکانی ئەمەریکا هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە نزیکەکانی ئێران لە سووریا ئەنجامداوە، ئەمەش لە وەڵامی هێرشەکانی سەر سەربازانی ئەمەریکا دێت لە عێراق و سووریا".