پارتی داوا لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەکات زمانی کوردی لە نووسراوە فەرمییەکاندا بەکاربهێنرێت

K24 - هەولێر

پارتی دیموکراتی کوردستان نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی کردووە لە کەرکووک، داوا دەکات زمانی کوردی وەک یەکێک لە دوو زمانە فەرمییەکەی عێراق لە دام و دەزگاکانی عێراق بەکار بهێنرێت.

 سامان رەشید محەمەد، رێگەپێدراوی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، نوسراوێکی فەرمی ئاراستەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق- کەرکووک کرد، تێیدا هاتووە " ئەوەتان بۆ روون دەکەینەوە کە زمانی کوردی بە پێی ماددەی ژمارە (4) لە دەستووری عێراق، یەکێکە لە دوو زمانە فەرمیەکە و دەبێت لە نووسین و نووسراوە فەرمییەکان لە نێوان فەرمانگە حکومییەکان، دامەزراوەکان وئۆرگانەکانی سەربەخۆ بەکار بهێنرێت، بەڵام بەداخەوە ئەوەی لە نوسینگەی ئێوە دەیبینین ئەوەیە کە زمانی کوردی لە نووسراوە فەرمی و ئیدارییەکان و تەنانەت لە لێدوانەکان و میدیا و کۆنگرەی رۆژنامەوانیشدا بەکارناهێنرێت.

گوتیشی: ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای دەستوورییە، سەرنج بدەن پێکهاتەی کوردی لە پارێزگای کەرکووک رێژەیەکی زۆر لە دانیشتوانی پارێزگاکە پێکدەهێنێت و هەڵبژاردنەکانی پێشووش باشترین بەڵگەن بۆ ئەوە، بۆیە داوا لە نووسینگەکەت دەکەین ئەم بابەتە راست بکاتەوە، زمانی کوردی لە نووسین و نووسراوە کارگێڕییەکانتدا بەکاربهێنیت و یەکێک لە کارمەندەکانت کە ئەزموون و توانای قسەکردنی زمانی کوردیی هەیە، بۆ کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکان راسپێرن، بۆ روون کردنەوەی پڕۆسەی هەڵبژاردن بە قۆناغە جیاوازەکانەوە.