وەزارەتی شارەوانی: پڕۆژەی 'راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام' جێبەجێ ناکرێت

تابلۆیەکی وەرگرتنی پارە لە شۆفێران لەبەرامبەر راگرتنی ئۆتۆمبێل لە شەقامی 60 مەتریی هەولێر (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)
تابلۆیەکی وەرگرتنی پارە لە شۆفێران لەبەرامبەر راگرتنی ئۆتۆمبێل لە شەقامی 60 مەتریی هەولێر (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)

K24 - هەولێر

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت، پڕۆژەی 'راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام" لە هەولێر، تەنها بۆ تاقیکردنەوەیە و ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.  

ئەمڕۆ دووشەممە، 13-11-2023، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، "سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر بەپێی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان، بۆ ڕێکخستنەوەی شار، شەقام و جەنجاڵی هاتووچۆ؛ لەسەر کەوانەیەکی شەقامی 60 مەتریی هەولێر، لێکۆڵینەوەی لەسەر بابەتێك كردووە، بەمەبەستی زانینی کاریگەرییەکان، بەڵام ئەم بابەتە تەنها بۆ تاقیکردنەوەیە و لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەدایە و ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، 12-11-2023، محەممەد جەواد، بەرپرسی پڕۆژەی راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام، لە شارەوانی یەکی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، "پڕۆژەی وەرگرتنی پارە لە شۆفێران لەبەرامبەر راگرتنی ئۆتۆمبێل لەسەر شەقام؛ هەموو شەقامە سەرەکییەکانی شاری هەولێر دەگرێتەوە و لە قۆناغی یەکەمدا لەسەر شەقامی 60 مەتری جێبەجێ دەکرێت".

محەممەد جەواد ئاماژەی بەوەش کردبوو، "پڕۆژەکە لە چەند قۆناغێک پێکدێت. لە قۆناغی یەکەمدا و دوای تەواوکردنی رێکارە کارگێڕییەکان، دەستمان کردووە بە هێڵکاریکردنی شەقامەکان و دانانی هێماکان. لە قۆناغی دووەمیشدا، بۆ ماوەی مانگێک دەست دەکەین بە رێنوێنیکردنی شۆفێران لە چۆنیەتی راگرتنی ئۆتۆمبێل و تۆمارکردنی سەرپێچییەکان؛ تاوەکو شۆفێران ئاشناییان هەبێت بە پڕۆژەکە نەک دەستبەجێ بێنە نێو پڕۆسەی پارەدارکردن و سزادان".

بەگوێرەى دوایین ئامارەکانى وەزارەتى پلاندانانى عێراق، نزیکەى هەشت ملیۆن ئۆتۆمبێل لە پارێزگاکانى عێراق هەن و لە هەرێمى کوردستانیش سەرووی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل بە هەموو جۆرەکانییەوە تۆمارکراون.