شاخەوان عەبدوڵڵا: بەهێزیی پارتی لە ناوچە کوردستانییەکان کورد بەهێز دەکات

K24 - هەولێر

شاخەوان عەبدولڵا، دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە خانەقین کرد و داوای لە خەڵک کرد، دەنگ بەو لیستە بدەن کە بەرگری لەخاکی کوردستان کردووە.

شاخەوان عەبدولڵا، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە خانەقین بۆ لیستی پارتی لە دیالە رایگەیاند، ئێمە ئەمڕۆ وەکو مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای بەغدا لێرە ئامادەین، هەروەها لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ ئەندامانی مەکتەبی رێکخستنی بەغدا بۆ پاڵپشتی و پشتگیری لە ئێوە هاتووین، گوتیشی: پارتی لەو شارە قوربانی زۆری داوە، خانەقین رەمزی رووبەرووبونەوەی داگیرکارییە.

گوتیشی: پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین قوربانی داوە و بەرگری لە خاکی کوردستان کردووە، هەروەها بەهێزیی پارتی لە کەرکووک و خانەقین و مەخموور و شنگال بەهێزی کوردە، لاواز بوونی پارتیش لەم ناوچانە تەعریب و داگیرکاری بەردەوام دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، خانەقین و جەلەولا و مەندەلی دەورووبەری، وێرای پرۆسەی بەتەعریب کردن لە چەند دەیەی رابردوودا، هێشتا روحی بەرەنگاربوونەوە لە لوتکەیە لەلایان، خەڵکی ئەم شارە هیچ کات چۆکی دانەداوە.

راشیگەیاند، بۆ بەردەوام بوون و پاراستنی ناسنامە و شوناسی ئەو ناوچانە، پێویستە بزانین دەنگ بەکام لیست دەدەین، لە هەڵبژاردنەکان، ئینجا چ بۆ پەرلەمانی عێراق بێت یان ئەنجومەنی پارێزگاکان.

پێشتر ئەکبەر حەیدەر، بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "وەک پارتی لە سنووری پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک و دیالە بە لیستی سەربەخۆ ژمارە 197 بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکەین، ئەنجومەنی پارێزگای دیالە 15 کورسی هەیە، بە پشتیوانی دەنگدەر و جەماوەرەکەمان هەوڵدەدەین کاندیدەکانمان بۆ ئەنجومەنی پارێزگای دیالە سەربخەین".

روونیکردەوە، پارتی لە سنووری پارێزگای دیالە 15 کاندیدی هەیە 10 کاندیدی پیاو و 5 کاندیدی ئافرەت، گوتیشی: "لە دانانی کاندید رەچاوی پێکهاتەکانی ناوچەکەیان کردووە و کاندیدەکانمان لە هەموو پێکهاتە و نەتەوەکان پێکهاتوون".