گوندنشینانی سوننەی دەوروبەری بەغدا ناڕەزایەتی دژی حەشدی شەعبی دەردەبڕن

گوندنشینانی سوننە
گوندنشینانی سوننە

K24 – بەغدا:

گوندنشیانی سوننەی ناوچەکانی چواردەوری بەغدا دژی هەڵسوکەوتی گروپەکانی حەشدی شەعبی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییان دەربڕی، کەسایەتییەکی هۆزی دلێمی دەڵێت: "هەڵمەتێکی پاوەنخوازی هەیە و دەیانەوێت ناوچەکانمان چۆڵ بکەین، ئاویان لە زەوییە کشتوکاڵییەکان بڕیوە و بەبیانوی زیادەڕۆیش رێگا نادەن خانوو لە سەر زەوییەکانمان دروست بکەین".

دانیشتووانی 15 گوندی سوننەی هۆزەکانی جبوور، دلێم و عیساوی لە ناوچەی یوسفیەی بەغدا و دژی رەفتارەکانی حەشدی شەعبی گردبوونەتەوە و ناڕەزایەتی دەردەبڕن، ئەوان دەڵێن: هەر رۆژە و بەبیانوویەک گەنجەکانیان تەنانەت لە کاتی کارکردنیش دەستگیردەکەن ، لە بازگەکانیش سوکایەتیان پێدەکەن.

مستەفا موسەننا، جووتیار، بە کوردستان24ـی راگەیاند،"10 دۆنم زەویم هەیە و هیچ سوودی نەماوە چونکە ئاویان لێمان بڕیوە و بیریەکان وشکیان کردووە وشکەساڵییە و کشتوکاڵمان لەناوچووە، بەشێک لە زەوییەکانمان فرۆشتوە رێگا نادەن بیکەین بە خانوو، رێگا نادەن کەرەستەی بیناسازی بێتە ناو گوندەکانەوە کرێکارەکان دەستگیردەکەن، گەنجەکانمان دەست بەتاڵن دانامەزرێندرێن، دۆخەکە وا بڕوات ئەترسین ماددەی هۆشبەر بەکار بهێنن".

سوننەنشینەکانی چواردەوری بەغدا، دەیان جارە خۆپیشاندان دەکەن و دەڵێن: هەڵمەتێکی پاوانخوازی هەیە بۆ ئەوەی ناوچەکانمان چۆڵ بکەین". بە گرتنەوەی ئاو لەسەریان کەرتی کشتوکاڵیان لە ناوچووە و بە بیانووی ڕێگریکردن لە زیادەڕۆی رێگاش نادەن خانوو لە سەر زەوییەکانیان دروست بکەن.

لەلایەن خۆیەوە موسەننا فاروق، کەسایەتی هۆزی دلێم، بە کوردستان24ـی گوت: "ئەوەی ئێمە دەیزانین ترسناکە ناوچەکەمان دژایەتی دەکرێت، دانشتووانی هۆر رجێب خەڵکێکی باش و بێ کێشەن، بەڵام دژیەتیمان دەکرێت دەیانەوێت ناوچەکە چۆڵ بکەین، خەڵکیان لە دەرەوەی بەغدا هێناوە و لە بازگەکان دایانناوە، ئەوەنە سوکایەتیمان پێ دەکەن ئەترسین ئەو گەنجانە تووشی نەخۆشی شەکرە ببن، هیوادارم وەزیری ناوخۆ و سەرۆکوەزیران کێشەکانمان چارەسەر بکەن".

گوندنشینانی سوننەی ناوچەکانی چواردەوری بەغدا، چەندینجارە خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەدەست گرووپەکانی حەشدی شەعبییەوە، بۆیە داواکارن سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو کێشەیان بۆ چارەسەربکات، لەئەگەری چارەسەرنەکردنی ئەو کێشەیەش هەڕەشەی داخستنی رێگا سەرەکییەکانی بەغدا دەکەن.