کوردستان24 وردەکاری گفتوگۆکانی هەردوو وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم و نەوتی فیدراڵ دەخاتەڕوو

تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی حکومەتی فیدراڵ
تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی حکومەتی فیدراڵ

K24 – هەولێر:

سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆبوونەوە و گفتوگۆکانی نێوان هەردوو شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئەرێنی بووە، کۆبوونەوەکانیان کۆتایی هاتووە و، بەڵام شاندەکە تا ئێستا لە هەولێر ماون.

ئەمڕۆ دووشەممە (13ـی تشرینی دووەمی 2023)، سەرچاوەیەک بۆ کوردستان24، وردەکاری کۆبوونەوەکانی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان ئاشکراکرد و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، هەردوولا پێشنیازی خۆیان بۆ چارەسەکردنی کێشەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوت خستووەتە بەردەست یەکتر و هەردوو شاندەکەش پێشنیازەکان بۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرزدەکەنەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، شاندی هەرێمی کوردستان و نوێنەری گەورە کۆمپانیاکانی نەوت لە کۆبوونەوەکاندا داوای زیاترکردنی بڕی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و خەرجییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانیان کردووە، لە بەرامبەردا شاندی بەغداش پێشنیازی خۆیان خستووەتەڕوو.

بڕیاروایە لە چەند رۆژی ئاییندەدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوردی پێشنیازەکان و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ رای گشتی بخاتەڕوو، لەهەمان کاتدا هەماهەنگی و گفتوگۆکانی هەردوولا لە هەفتەکانی داهاتوودا بەردەوامییان دەبێت.

ئەو سەرچاوەیە بۆ کوردستان24 ئەوەشی ئاشکراکرد، شاندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوایان کردووە بڕی 22 تا 24 دۆلار وەک خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت تەرخان بکرێت.

رۆژی یەکشەممە (12ـی تشرینی دووەمی 2023) شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری گەیشتنە هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان (بە وەکالەت) و بەرپرسانی حکومەتەوە پێشوازی لێ کرا.

دوای گەیشتنی بۆ شاری هەولێر، حەیان عەبدولغەنی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، ئامانج لە سەردانی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ هەولێر، بەمەبەستی لێکنزیکردنەوەی دید و بۆچوونی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە سەبارەت بە دووبارە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

پاشان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمەکەی لەگەڵ شاندی وەزارەتی نەوتی حکومەتی عێراق کۆبوونەوە و، لەمبارەیەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و تیمەکەی، جەختمان لە دابینکردنی پێداویستی دارایی و تەکنیکیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە زووترین کاتدا کردەوە لەسەر بنەمای دەستوور و گرێبەستەکان کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمدایە".