كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق: زیاتر له‌ ملیۆنێك كارتی بایۆمه‌تری گه‌یشتووه‌ته‌ عێراق

K24 – هەولێر:

كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت زیاتر له‌ ملیۆنێك كارتی بایۆمه‌تری گه‌یشتووه‌ته‌ عێراق، هاوكات ئاماژه‌ به‌ واده‌ی دابه‌شكردنیان ده‌كات.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 13ـی تشرینی دووه‌می 2023) عیماد جه‌میل موحسین، سه‌رۆكی تیمی راگه‌یاندنی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، ملیۆنێك و 140 هه‌زار كارتی بایۆمه‌تری گه‌یشتووه‌ته‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی به‌غدا (كه‌رخ و ره‌سافه‌)، بابل، نه‌ینه‌وا، ئه‌نبار، دیاله‌ و كه‌ركووك. روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، 15ـی ئه‌م مانگه‌ ئه‌و كارته‌ ده‌گاته‌ سه‌رجه‌م پارێزگاكانی دیمه‌ و ژماره‌یان 760 هه‌زاره‌.

سه‌رۆكی تیمی راگه‌یاندنی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، رۆژی 16ـی ئه‌م مانگه‌ ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی كارته‌كان ده‌كرێت له‌ رێگه‌ی نووسینگه‌كانه‌وه‌ و دوای دوو رۆژیش له‌و واده‌یه‌ به‌سه‌ر هاووڵاتییان دابه‌ش ده‌كرێت.

عیماد جه‌میل باسی له‌وه‌ش كردووه‌، كۆی گشتی كارته‌ بایۆمه‌ترییه‌ نوێیه‌كان ده‌گاته‌ ملیۆنێك و 900 هه‌زار كارت، هاوكات له‌گه‌ڵ كارته‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كه‌ كۆی گشتیان ده‌گاته‌ دوو ملیۆن و 400 هه‌زار كارت.

ناوبراو جه‌ختیشیكردووه‌ته‌وه‌ هه‌موو ئاماده‌كارییه‌ك بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق كراوه‌ و رۆژی 20ـی ئه‌م مانگه‌ تاوه‌كو پێنج رۆژ به‌ له‌ ئه‌نجامدانی پڕۆسه‌كه‌، راهێنان به‌ كارمه‌ندانی ده‌وڵه‌ت بۆ سه‌رپه‌رشتیكردنی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان‌ ده‌كرێت.

بڕیاره‌ رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بە بەشداریی زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر بەڕێوەدەچێت.