هەولێر دەبێتە شاری یەک ملیۆن دار بەڕوو

خۆبەخشان لە هەولێر دار بەڕوو دەچێنن
خۆبەخشان لە هەولێر دار بەڕوو دەچێنن

K24 – هەولێر:

رێکخراوی هەسار بە پرۆژەی چاندنی یەک ملیۆن نەمامی داربەڕوو لە شاری هەولێر لە دەورووبەری شەقامی 120 مەتری، هەوڵی سەوزکردنی پانتاییەکی زۆری پایتەخت دەدات و دار بەڕووەکانیش بە ئاوی ریساکلین کراو بەراو دەکرێن.

رێکخراوی هەسار، رێکخراوێکی ناوەخۆیی قازانج نەویستە و ئامانجی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانیەتی لەسەر هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2019 رێکخراوەکە دامەزراوە و تۆڕێکی هەماهەنگی گەنجان لە تەواوی شارەکانی هەرێمی کوردستان وەکو خۆبەخشی چالاک پاڵپشتی رێکخراوەکە دەکەن و کاری بۆ دەکەن.

پلانی چاندنی یەک ملیۆن داری بەڕوو لە هەولێر

گەشبین ئیدریس عەلی، سەرۆکی رێکخراوی هەسار بە کوردستان24ـی راگەیاند، رێکخراوی هەسار پلانی ئەوەیە یەک ملیۆن دار بەڕوو بە هاوبەشی لەگەڵ دەزگای روانگە و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە هەولێر بچێنێت، هەنگاوی یەکەمیش 300 هەزار دار بەڕووی لەشەقامی 120 مەتری هەولێر چاندووە.

گەشبین ئاماژەی بەوەشکرد، رێکخراوەکەیان پلانی ئەوەی هەیە لە ماوەی پێنج ساڵدا یەک ملیۆن دار بەڕوو لە هەولێر بچێنێت و رووبەری سەوزایی لە هەولێری پایتەخت زیاتر بکەن.

ئۆفیسێک بۆ چاودێری دار بەڕووەکان

پرۆژەی چاندنی یەک ملیۆن دار بەڕوو تا دەگاتە قۆناغی گەشەکردن و گەورە بوون، چاودێری دەکرێت. پرۆژەکە بەجۆرێک چاودێری دەکرێت، لەو رۆژەوەی گەنجە چاڵاکەکانی رێکخراوی هەسار بەڕووەکان دەچێنن تا پێگەیشتنی نەمامەکان، چاودێری و خزمەتی دار بەڕووەکان دەکەن لە پشتێنەی شەقامی 120 مەتری لە رێگای بنەسڵاوە تا رێگای کۆیە، نووسینگەیەکیش بۆ چاودێریکردن لە نزیک دارەکان دادەنرێت.

یەکجۆر دار بەڕوو لە شارەکان گەشە دەکات

لە کوردستان چوار جۆر داربەڕوو هەیە، تەنیا یەکجۆریان بەناوی "بەڕوون" لەنێو شار گەشە دەکات، لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی پار بەرهەمی دار بەڕووەکان لە پێنجوێن، سیدەکان و چیای سەفین کۆکرانەوە و دواتر گوازرانەوە هەولێر بۆ چاندن لە مانگی کانوونی یەکەمی هەمان ساڵدا، دوای چاندنیشیان  تاڕادەیەکی زۆر بەڕووەکان گەشەیان کردووە.

بە پێی زانیارییەکان، داری بەڕوو بە هێواشی قەد و گەڵاکەی گەشە دەکات، سەرەتا رەگەکەی دەست بە گەشە دەکات، دواتر قەدەکەی، ئەو دار بەڕووانەی رێکخراوی هەسار چاندوویانە، قەدیان 30 سانتیمەتر بەرز و رەگەکەیان نزیکەی مەترێک گەشەی کردووە لە ماوەی حەوت مانگدا، چاوەڕێ دەکرێت تا پێنج ساڵ بەتەواوی گەشە بکەن.

دار بەڕووەکان ئاویان ناوێت

یەکێک لە گرنگییەکانی دار بەڕوو ئەوەیە، بەهیچ جۆرێک ئاوی ژێرزەوی بۆ ئاودانی دارەکان بەکارناهێندرێت، بەڵکو رێکخراوی هەسار بە هاوکاری رێکخراوی یونسێف، سیستمی فلتەرکردنی ئاوی بەرکارهاتووی هەیە کە داهێنانێکی گەنجانی کوردی ناوخۆیە، ئاوی گەڕەکەکانی هەولێر وەردەگیرێت بە سیستمێکی ریسایکڵینگ خاوێن دەکرێتەوە و پاشان لە تاقیگەکاندا تێست بۆ ئاوەکە دەکرێت، دوای ئەوەی ئاوەکە گەیشتە ستانداردی ئاودان، بۆ بەراوکردنی دارە چێندراوەکان بەکاردەهێنرێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییە کشتوکاڵییەکان، داربەڕوو لە هاویندا مانگی یەکجار ئاوی دەوێت و لە سێ وەرزەکەی دیکەی ساڵدا، یەک دڵۆپ ئاوی ناوێت، دوای تەمەنی چوار بۆ پێنچ ساڵی هیچی دیکە ئاوی ناوێت و دەگاتە قۆناغی خۆ بەڕێوەبردن.

کارەبا بە وزەی خۆر بۆ پرۆژەکە

بابەتێکی دیکەی گرنگی پرۆژەی چاندنی یەک ملیۆن دار بەڕوو لە هەولێر ئەوەیە، لەناو پڕۆژەکەدا بۆ دەستکەوتنی وزەی کارەبا، پشت بە مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی نابەسترێت، بەڵکو سوود لە وزەی خۆر وەردەگیرێت بۆ هەموو ئەو کار و چالاکییانەی کە وزەی کارەبای پێویستە.

وەک بەرپرسانی رێکخراوەکە ئاماژەی بۆ دەکەن، ئەم پرۆژەیەیان بۆ خزمەتی ژینگەیە، بۆیە لە هەموو قۆناغ و هەنگاوەکانی کارکردنیان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان، لە کارەکانیاندا پاراستنی ژینگە و بەکارهێنانی ئامرازی دۆستی ژینگە بەکاردەهێنن.

0
0
0
0
0

ئا/ کارزان حەیدەر