ئومێد خۆشناو: پلانی ستراتیژیمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی هەیە

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24 – هەولێر:

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، داوای زیاتر لە 14 ملیار دیناریان بۆ پرۆژەکانی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا لە سوودانی کرد. ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی بەغدا بڕیاری دامەزراندنی سندووقێک بۆ پاراستنی ئاو درا و، هەرێمی کوردستانیش لەو سندووقی پارستنی ئاو سوودمەند دەبێت، هاوکات گوتیشی: لە شاری هەولێر زیاتر لە 350 کەند بۆ رووبەڕووبونەوەی لافاو پاککراونەتەوە.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لێژنەی باڵای نیشتمانی ئاو چوارمین کۆبوونەوە بووە لەو کابیەنەی سوودانی کە هەرێمی کوردستان تێدا ئەندامە، ئێمە وەک پارێزگای هەولێر لە چوارچێوەی ئەو بەرنامانەی هەمانە لە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، پوختەیەکمان لەو پڕۆژانەی کە هەمانە لەسەر کاریگەرییەکانی گۆرانکاری کەشوهەوا و ئەو پلانانەی کە هەمانە ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، کە چەند پڕۆژەیک لەخۆ دەگرێت بۆ گرفتەکانی رووبەڕووبوونەوەی کەمی ئاو، داواکارییەکانمان بە گوژمەی 14 ملیار بوو.

هاوکات راشیگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا جەختمان لەسەر هەموو ئەو بابەتانە کردەوە کە لەسەر دۆخی هەولێر و کاریگەرییەکانی کەشوهەوا کە لێکەوتەکانی چین، هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی گۆڕانکاری کەشوهەواوە لە مەترسیدانە، هەموو وڵاتێک پلانێکی بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هەیە، لە چوارچێوەی ئەو پلانانەی کە ئێمە هەمانە کۆمەڵێک پڕۆژەمان جێبەجێکردووە.

باسی لەوەشکرد، ئەو 14 ملیارەی کە بەغدا بۆمانی تەخانکردووە بۆ لێدانی ژمارەیک بیری تازەیە، بۆ دروستکردنی ژمارەیەک پۆندە، هەروەها بۆ سیانەکردنی پڕۆژەکانی ئاوی هەولێرە.

پارێزگاری هەولێر، لەبارەی وەزری زستانەوە دەڵێت: ئامادەکاری تەواومان کردووە کە لە وەرزی زستاندا هەولێر و تووشی زیانی لافاو نەبێت، ئەویش زیاتر لە 350 کیلۆمەتر کەند و چاڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی لافاو پاککراونەتەوە، هەروەها گوتیشی: کەس ناتوانێت گرەنتی روونەدانی لافاو بکات، بەڵام ئێمە ئەو شتانەی کە وا دەکەن کاریگەریی لافاوەکە زیاتر بێت و ببێتە جێگەی مەترسی، چارەسەرمان کردووە، کە چەندین ئاوەڕۆ و  سندووقی لولەییمان دروستکردووە، هەروەها پاکردنەوەی مەنهۆڵەکان بۆ یەکەمباران زۆر گرنگە، سبەی هەڵمەتێکی پاککردنەوەی مەنهۆڵەکان دەستپێدەکات.

ئومێد خۆشناو، گوتی: لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ بڕیاری دروستکردنی سندووقێک درا لەسەر ئاستی هەموو عێراق، بۆ ئەوەی ئەو سندووقە ببێتە پاراستنی ئاو و پەرەپێدان و باشترکردنی دۆخی ئاو لە هەموو عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ئیفرازی نوێ بۆ هەولێر، پارێزگاری هەولێر ئاشکرایکرد، لەسەر ئەو بابەتە پڕۆژەیەکمان ئامادەکردووە و ئەو پڕۆژەیەش تەنیا ماوە رەزامەندی سەرۆکوەزیرانی عێراقی لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی لە بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2024 جێبەجێبکرێت، کە چوار قۆناغ لەخۆ دەگرێت هەر قۆناغە و پێویستی بە 150 ملیۆن دینارە، بۆ پارەی قۆناغی یەکەم داوای قەرزمان لە وڵاتی سعوودییە کردووە بۆ ئەوەی لەو پرۆژەیەدا وەک پڕۆژەی ئیفراز سێ کە لە ئێستا لە هەولێر هەمانە ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین بکات، بەڵام ئەو پڕۆژەیە ئاوەکەی لە پرۆژەی ئیفراز سێ زیاترە، ئەو پرۆژەیە ئاو بۆ هەولێر دابین دەکات، بە تایبەت ئەو ناوچانەی کە زیاتر پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن و دەوروبەری هەولێریش تێدا سوودمەند دەبن، بەشەکانی دیکەیش تەواو بێت دەگەینە قۆناغێکی زۆر باش بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوی لە هەولێر.

ئومێد خۆشناو، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ئەگەر لە ساڵانی رابردوو عێراق ئەو زوڵمەی کە لە هەرێمی کوردستان کرد و بودجەی بڕی، ئەگەر ئەو بارودۆخەی ئەو کات نەبووایە، ئێستا ئێمە لەو دۆخەی ئێستادا نەدەبووین، رەنگە پێویستمان بە قەرز نەبووایە، بە بودجەی خۆمان دەمانتوانی ئەو پڕۆژانەمان ئەنجامبدابا، هیوادارم ئێستاش عێراق قەرەبووی رابردوو بکاتەوە بۆ ئێمە.

لەبارەی وەرگرتنی بڕێک پارە لە بەرامبەر راگرتنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر، پارێزگاری هەولێر گوتی: لە ساڵی 2018 ئەو بابەتە لە وەزارەتی شارەوانییەوە کاری لەسەر کراوە، لە دۆخی شاری خۆمان تێدەگەین، هەروەها رێکخستنی شەقام لە بەرژەوەندی هاووڵاتییاندایە، بەڵام داهاتەکەی ئەوەندە نییە کە لە ئێستادا ئەنجامبدرێت، لە ئێستادا ئەو بڕیارە جێبەجێ ناکرێت، وەک بابەتێک و دیراسەیەک باسی لێوەکراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە جێبەجێ ناکرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە (13ـی تشرینی دووەمی 2023) به‌ به‌شداری شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان چوارەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای نیشتمانى ئاو لە بەغدا بەڕێوەچوو.

بە گوێرەی راگەیەندراوی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا تاووتوێی بارودۆخی ئاو و سەرچاوە ئاوییەکان و پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنی پلانە کشتوکاڵیەکان کرا، بەپێی ئەو پشکانەی ئاو کە بۆ پارێزگاکان پەسەند کراوە.

هەروەها ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سەردانی محەممەد شیاع سوودانى سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق کرد.

بەگوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی پارێزگای هه‌ولێر، لەدیدارەکەدا، پارێزگاری هەولێر دوای گەیاندنی سڵاو و رێزی مەسرور بارزانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆ لە بارەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر بەگشتی کرا.