ئێران: باوەڕمان بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی یەکپارچە هەیە

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دەربارەی پێشنیازی چارەسەری دوو دەوڵەتی لە فەڵەستین، رایگەیاند: وڵاتەکەمان باوەڕی بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی یەکپارچە هەیە هەر لە دەریای ناوەڕاستەوە تا دەریای ئوردن.

ناسر کەنعانی،  گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هەفتانە کە لە تاران-ی پایتەخت رێکخرا هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکانی کەرتی غەززە، ئاماژەی بەوەدا، "کە رێژەیەکی زۆری هاوکارییەکان بەهۆی رێگرییەکانی ئیسرائیل-ەوە نەگەیشتووەتە خەڵکی غەززە، بەشێکی زۆریشییان لە کۆگاکانی وڵاتی میسر هەڵگیراون".

بە ئاماژەدان بەوەی کە پارێزەرانی مافی مرۆڤ لە رۆژئاوا وەک پێویست وەڵامی هەڕەشەکانی ئیسرائیل-یان سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و بۆمبی فسفۆڕی نەداوەتەوە، کەنعانی گوتی: "پێویستە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بە گرنگییەکی زیاترەوە لەم بابەتە بڕوانن و کاردانەوە نیشان بدەن".

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ناسر کەنعانی سەبارەت بە پێشنیازی چارەسەری دوو دەوڵەتی و وەک ئاماژەیەک بە دەریای ناوەڕاست هەتا رووباری ئوردن، گوتی: "وڵاتەکەمان باوەڕی بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی یەکپارچە هەیە کە هەر لە دەریاوە دەست پێدەکات تاوەکوو رووبار".

بەگوتەی کەنعانی "ئەمەریکا و ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا دژی ئاگربەستن لە کەرتی غەززە و کۆسپ لەبەردەم ئاگربەست دروست دەکەن".