بەرنامەی خۆراکی جیهانی: بوونی دارستانی چڕ دەبێتە سەرچاوەیەکی ژێرخانی ئابووری

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری یەکەی توێژینەوە لە رێکخراوی بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP) رایگەیاند، بوونی دارستانی چڕ دەبێتە سەرچاوەیەکی بۆ ژێرخانی ئابووری و دارایی، بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.

سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری یەکەی توێژینەوەی گەیاندن و چاودێریکردنی لە رێکخراوی WFP بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بەرنامەی خۆراکی جیهانی زۆر گرنگی بە سەوزای داوە، لە ئێستادا کاریگەرییەکانی کەشوهەوا زۆر بووە و عێراق یەکێکە لەو پێنج واڵاتە یەکەمانەی کە کاریگەری زۆری لەسەرە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا".

گوتیشی: "ئێمە لە رێکخراوی (دەبلیۆ ئێف پی) بەرنامەکانی خۆمان گۆڕی کە تەنیا ژیان پاراستن نەبێت، بەڵکو گۆڕینی ژیانیش بێت، بۆ ئەوەی خەڵکی خۆڕاگر بێت لە روودانی هەر گۆڕانێکی کەشوهەوا، یاخود بۆ پلانی درێژخایەن بتوانین ئاسایشی خۆراک دڵنیا بکەینەوە، توێژینەوە و چاودێری زۆر لەسەر دەکەین، کاری ئێمە دڵنیا بوونەوەیە لە کار و پڕۆگرامی خۆمان".

سامان ئەحمەد ئاماژەی بەوەشدا: "لە یەکێک لە توێژینەوەکان هەوڵماندا بزانین کاریگەرییەکان چەندە، گەیشتین بە ئەنجامی ئەوەی لەناو شاری هەولێر 7.7 سەوزاییە بە هەموو دارەکانییەوە، لەکاتێکدا پێویستە خۆی سەوزایی 17.30 بێت، بۆ ئەوەی کەشوهەوایەکی تەندروستت هەبێت، بەڵام بە گشتی هەموو کوردستان زۆر باشە بەپێی داتاکان، یەکێک لەو بەرنامانەی کە WFP زۆر گرنگی پێداوە ئەویش بابەتی دارستانی چڕە، کە دارستانەکان ببوژێنەوە و پەرەی پێبدرێت، دارستانەکان ببنە سەرچاوەی دارایی بۆ ئەم هەرێمە و کاریگەری لەسەر ئابووری کوردستان دەبێت، دەبێتە سەرچاوەیەکی دارایی بۆ خەڵکی کوردستان و عێراقیش، ئینجا بۆ کەرتی تایبەت سوودی دەبێت".

باسی لەوەشکرد: "لە وڵاتانی رۆژئاوا بیمەیەک دانراوە بۆ ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێت دارستانی چڕیان هەبێت و کاریگەری کەشوهەوا بگۆڕن، ئەوان لەو رێگەوە پاڵپشتی ئەو وڵاتە دەکەن بۆ ئەوەی پەرە بدات بە دروست بوونی سەوزایی".

لەم چەند ساڵەی دواییدا بە تایبەت لە کابینەی نۆیەمدا حکومەت گرنگییەکی زۆر بە سەوزایی هەرێمی کوردستان دراوە، یەکێکیش لە کار و پڕۆژەکان حکومەتی هەرێمی کوردستانە پشتێنەی سەوزە بۆ شارەکان دروست دەکرێت.

هاوکات بەشێک لە رێکخراوەکان و ژینگەپارێزان کار لەسەر زیادکردنی رێژەی سەوزایی لە هەرێمی کوردستان دەکەن، لەو چوارچێوەیەدا رێکخراوی هەسار بە پڕۆژەی چاندنی یەک ملیۆن نەمامی داربەڕوو لە شاری هەولێر لە دەورووبەری شەقامی 120 مەتری، هەوڵی سەوزکردنی پانتاییەکی زۆری پایتەخت دەدات و دار بەڕووەکانیش بە ئاوی ریساکلین کراو بەراو دەکرێن.