مەسرور بارزانی سەردانی فێستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر دەکات

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە 14/11/2023، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی فێستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێری کرد.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند بەشێکی فێستیڤاڵەکەی بەسەرکردەوە کە تابلۆ و کارە دەستییەکانی قوتابیانی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێری تیادا نمایشکراوە.

سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ فێستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر، مایەی گرنگی پێدانە بە کار و پڕۆژەی قوتابیان لە بواری هونەرییدا.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن، گوتی: "من خۆم حەزم لە هونەرە بەتایبەتی هونەری شێوەکاری، بۆیە زۆر پێم خۆش بوو بێم و سەردانی بکەم، ئەمەی کە لێرەدا کراوە کاری گەنجەکانی خۆمانە، شتی زۆر جوانیان کردووە و ئومێدی زۆرم پێیانە، کە دەتوانن ببن بە هونەرمەندی زۆر گەورە لە دوارۆژدا، ئەوەی ئێمەش پێمان بکرێت بۆ یارمەتیدانیان لێرە و شوێنەکانی تر کە کاری هونەرە جوانەکانی تێدا دەکرێت لە هەموو شار و شارۆچکەکانی تری کوردستان، بتوانین زیاتر یارمەتیان بدەین".

سەرۆکی حکومەت، گوتیشی: "هاتنم بۆ ئێرە وەک پشتگیریی بووە، کە بزانن ئێمە گرنگی بە هونەر دەدەین، کاری هونەری لە هەر وڵاتێکدا دەتوانێت مێژوو و کولتووری وڵاتەکە پێشانی دونیا بدات".

 فێستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر، سێ رۆژ بەردەوام دەبێت و لە هەرسێ بەشی شێوەکار، شانۆ و میوزیک جگە لە نیشاندانی کاری قوتابیان، چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن.

پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر، لە ساڵی 1992 لەلایەن چەند مامۆستایەکی هونەرەکانی شانۆ، شێوەکاری و موزیک، دامەزراوە، ئێستا تەمەنی پەیمانگاکە 31 ساڵی تێپەڕاندووە، لەو ساڵانە فێستیڤاڵی خۆی بەڕێوەبردووە. ئەمساڵ پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی هەولێر دەیەوێت بە فۆڕم و شێوازێکی جیاواز، دەست بە چالاکی و فێستیڤاڵە هونەرییەکانی خۆی بکاتەوە.