مەسرور بارزانی: داوای مووچەی سێ مانگی دیکەمان لە حکومەتی عێراق کردووە

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت، داوای مووچەی شەش مانگی ئەمساڵیان لە حکومەتی عێراق کردووە؛ بڕیاریان لەسەر ناردنی مووچەی سێ مانگ داوە و، بۆ سێ مانگەکەی دیکەش، "گووتوویانە مانگی 12 تەسفییە حیسابات دەکەین و چاوەڕێی وەڵامیانین".

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 14-11-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە فێستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر بۆ ساڵی 2023 کرد. دواتر لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.

لەبارەی ناوەڕۆکی ئەو نامەیەی بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ناردووە؛ مەسرور بارزانی گوتی، "جگە لە ناردنی نامە، لەبارەی ئەم بابەتە (ناردنی 700 ملیاری مانگانە) قسەم لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. کاتی خۆی ئێمە داوای بڕە پارەی ئەو شەش مانگەی ئەمساڵ ماوە کرد بۆ ئەوەی بۆ خەڵکی کوردستان دابینی بکەن، بەڵام ئەوان بڕیاریاندا پارە بۆ سێ مانگ بنێرن. ئێمە داوای 800 ملیارمان کرد، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر 700 ملیار دا. بۆ سێ مانگی تر ئێمە دیسانەوە قسەمان کردووە و ئەوان گوتوویانە لە مانگی 12 دەبێت تەسفییە حیسابات بکرێت بۆ ئەوەی بزانن چی ماوە دابینی بکەن. ئیتر ئێمەش چاوەڕێی ئەوانە دەبین بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن".

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەدات، حکومەتی فیدراڵی هۆکاری دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستان بووە و دەڵێت، "داوامان کردووە کە ئەم کێشانە کۆتاییان پێ بێت و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش وەکو هەموو خەڵکی تری عێراق بە مافەکانی خۆیان شادبن و ئەو شایستە داراییانەی کە مافی خۆیانە چیتر دوانەکەوێت".

رۆژی یەکشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2023، شاندێکی باڵای وەزارەتی نەوتی عێراق بە سەرۆکایەتیی حەییان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی فیدراڵ و شاندێکی یاوەری گەیشتە هەولێر و، دواتر لەگەڵ هەر یەکە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

وەکو ئەوەی سەرۆکوەزیران باسی دەکات، "کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی کە لە هەمان کاتدا جێگری سەرۆکوەزیرانیشە. ئەوەی لەسەر هەرێم بووە لەرووی کاری تەکنیکی یاخود یاسایی، هەرچی ئەرکی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، جێبەجێکراوە. هەمووشمان لەگەڵیان باس کرد، دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی کە مافەکانی خەڵکی کوردستان وەکو خۆی کە لە دەستووردا هاتووە، ئەوانیش رێز لەو مافانە بگرن و جێبەجێیان بکەن".

ئاماژە بەوەش دەدات، "لە قسەکردندا گەیشتینە زۆر تێگەیشتنی باش و ئەوان گوتیان دەگەڕێینەوە بۆ ئەوەی دوابڕیار لەسەر پێشنیارەکان بدەین. من ئومێدم زۆرە ئینشائەڵڵا ئەنجامێکی باش و وەڵامی باش بۆ خەڵکیش دەبێت".

بە گوتەی مەسرور بارزانی، "ئەگەر بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە و لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کردووە، بەڵام دەبێت مافەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور ڕەچاوبکرێت."

لەبارەی سەردانەکەی بۆ فێستیڤاڵەکە، سەرۆکوەزیران ئەوەی خستەڕوو، "خۆم حەزم لە هونەرە، بەتایبەتی هونەری شێوەکاری، بۆیە زۆر پێمخۆشبوو بێم سەردانی فێستیڤاڵەکە بکەم و بزانم ئەوەی لێرە کراوە، کاری گەنجەکانی خۆمانە کە لە قۆناغی جیاوازی کاری خۆیاندا، شتی زۆر جوانیان کردووە و ئومێدم زۆر پێیانە کە دەتوانن ببن بە هونەرمەندی زۆر گەورە لە دواڕۆژدا ئینشائەڵڵا". 

 

 

دەقی گوتەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە وەڵامی رۆژنامەنووساندا:

- ئامانجی سەردانەکەی بۆ فێستیڤاڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی هەولێر – 2023

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: خۆم حەزم لە هونەرە، بەتایبەتی هونەری شێوەکاری، بۆیە زۆر پێمخۆشبوو بێم سەردانی فێستیڤاڵەکە بکەم و بزانم ئەوەی لێرە کراوە، کاری گەنجەکانی خۆمانە کە لە قۆناغی جیاوازی کاری خۆیاندا، شتی زۆر جوانیان کردووە و ئومێدم زۆر پێیانە کە دەتوانن ببن بە هونەرمەندی زۆر گەورە لە دواڕۆژدا ئینشائەڵڵا. ئەوەی ئێمەش پێمان بکرێت بۆ یارمەتیدانیان چ لێرە، چ لەو شوێنانەی تر کە کاری هونەرە جوانەکانی تێیدا دەکرێت لە هەموو شار و شارۆچکەکانی تری کوردستان، بتوانین زیاتر یارمەتییان بدەین. هاتنیشم بۆ پشتگیری خۆم بووە کە بزانن ئێمە گرنگی بەم هونەرە دەدەین و، کاری هونەری لە کەلتووری هەر وەڵاتێکدا نیشاندەری مێژوو و کەلتووری ئەم وڵاتەیە هی ئەو نەتەوەیانەیە کە دەتوانن بە کاری هونەری پیشانی جیهانی بدەن.

- کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراق

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: کۆبوونەوەیەکی باشمان هەبوو لەگەڵ وەزیری نەوتی عێراقی کە لە هەمان کاتدا جێگری سەرۆکوەزیرانیشە. ئەوەی لەسەر هەرێم بووە لەرووی کاری تەکنیکی یاخود یاسایی، هەرچی ئەرکی سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە، جێبەجێکراوە. هەمووشمان لەگەڵیان باس کرد، دەمێنێتەوە لەسەر ئەوەی کە مافەکانی خەڵکی کوردستان وەکو خۆی کە لە دەستووردا هاتووە، ئەوانیش رێز لەو مافانە بگرن و جێبەجێیان بکەن.

قسەی زۆر کرا لەسەر ئەوەی هەرێم مافی چییە، ئەرکی چییە؟ داواکارییەکانی ئێمەش لە حکومەتی فیدراڵی بۆ رێزگرتن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم و بەتایبەت دابینکردنی شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە ماوەی چەند مانگێکە مووچەکانیان دواکەوتووە، بەڵام هۆکارەکەی حکومەتی فیدراڵی بەغدا بووە. داوامان کرد کە ئەم کێشانە کۆتاییان پێ بێت و خەڵکی هەرێمی کوردستانیش وەکو هەموو خەڵکی تری عێراق بە مافەکانی خۆیان شادبن و ئەو شایستە داراییانەی کە مافی خۆیانە چیتر دوانەکەوێت.

لە قسەکردندا گەیشتینە زۆر تێگەیشتنی باش و ئەوان گوتیان دەگەڕێینەوە بۆ ئەوەی دوابڕیار لەسەر پێشنیارەکان بدەین. من ئومێدم زۆرە ئینشائەڵڵا ئەنجامێکی باش و وەڵامی باش بۆ خەڵکیش دەبێت.

- دووبارە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: ئەگەر بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان هەیە و لەسەر ئەم بابەتە قسەمان کردووە، بەڵام دەبێت مافەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور ڕەچاوبکرێت.

- ناوەڕۆکی ئەو نامەیەی بۆ سوودانی نێردراوە

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: جگە لە ناردنی نامە، لەبارەی بابەتی ناردنی 700 ملیارەکە قسەم لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. کاتی خۆی ئێمە داوای بڕە پارەیەی ئەو شەش مانگەی ئەمساڵ ماوە کرد بۆ خەڵکی کوردستان دابین بکەن، ئەوان بە سێ مانگ بڕیاریان دا. ئێمە داوای 800 ملیارمان کرد، بەڵام ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر 700 ملیار دا. بۆ سێ مانگی تر ئێمە دیسانەوە قسەمان کردووە و ئەوان گوتوویانە لە مانگی 12 دەبێت حیسابات تەسفییە بکرێت بۆ ئەوەی بزانن چی ماوە، دابینی بکەن. ئیتر ئێمەش چاوەڕێی ئەوانە دەبین بەڵێنەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.