پشتیوان سادق: کوردستان نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیانە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

پشتیوان سادق، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی رایگه‌یاند، به‌ به‌راورد به‌ زۆربەی وڵاتانی ناوچه‌كه‌، ئازادی ئایینی له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش وایكردووه‌ كوردستان ببێته‌ نموونه‌یه‌كی جوانی پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.

ئەمڕۆ پشتیوان سادق، وه‌زیری ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان لە ئاکرێ لەگەڵ مامۆستایانی ئایینی و گوتارخوێنان کۆبووەوە و رایگەیاند: "هەرێمی کوردستان بەراورد بە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە، لە کەم وڵاتی ناوچەکە وەک هەرێمی کوردستان ئازادی ئایینی هەیە، هەر ئەوەش وایکردووە کوردستان ببێتە نموونەیەکی جوان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست".

گوتیشی: "دەبێ وابکەین هەستی نەتەوەیی و نیشتمان پەروەری و خاکەکەمان پارێزراو بیت، چونکە ئەگەر وڵاتمان ئارام نەبێت و سەقامگیری تێدا نەبێت، دووبارە مزگەوتەکانمان تێکدەدەنەوە، بەداخەوە ئەو عەقڵیەتەی زوڵمی لە میللەتەکەمان دەکرد، ئێستاش بە جۆرێکی دیکە لە عێراق ماوە، دوێنێ بە کیمیاباران و ئەنفال، ئەگەر بۆشیان رێککەوێت بەناوی ئابووری و دادگای فیدراڵییەوە هەمان زوڵمان لێدەکەنەوە".