رێکخراوەکان داوا لە پێنتاگۆن دەکەن ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل رابگرێت

K24 - هەولێر

بەگوێرەی رۆژنامەی واشنتن پۆست، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و گروپە ناحکومییەکان داوایان لە ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا کردووە، پلانی دابینکردنی گوللـە تۆپەکان بۆ ئیسرائیل رابگرێت، کە رەنگە پاراستنی خەڵکی مەدەنی لە کەرتی غەززە بخاتە مەترسییەوە.

زیاتر لە 30 رێکخراو و گروپاتی ئاینی نامەیەکییان ئاراستەی، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا کردووە و نیگەرانی خۆیان دەربڕی، سەبارەت بەوەی پێنتاگۆن تۆپی 155 ملم بۆهێزەکانی ئیسرائیل دابین دەکات.

رێکخراوەکان لە نامەکەیاندا نووسیویانە: "لە هەلومەرجی ئێستادا، دەستڕاگەیشتنی حکومەتی ئیسرائیل بەو تەقەمەنیانە، دەبێتە هۆی تێکدانی پاراستنی خەڵکی مەدەنی و رێزگرتن لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و متمانەی ئیدارەی بایدن".

ئاماژەیان بەوەشکردووە، "ئەستەمە پێشبینی سیناریۆیەک بکەیت، کە بەپێی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، تۆپی 155 ملم لە کەرتی غەززە بەکاربهێنرێت".

پێنتاگۆن رەتیکردەوە پلانەکەیان بۆ دابینکردنی گوللـە تۆپی 155 ملم بۆ ئیسرائیل لە یەدەگی چەکی ئەمەریکا بەرەو پێشەوە چووبێت.

سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "هەرچەندە وردەکاریی تایبەت لەسەر سەرچاوە و گواستنەوەی تەقەمەنی دیاریکراو ناخەینەڕوو، بەڵام متمانەمان بە توانای خۆمان هەیە بۆ هاوسەنگکردنی پێویستی پاڵپشتیکردنی ئیسرائیل و ئۆکرانیا و بەڕێوەبردنی ئاسایشی نیشتمانیی خۆمان”.

لە دوای سەرهەڵدانی شەڕ و ململانێی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، ئەمەریکا بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی خۆی بۆ ئیسرائیل دەربڕی و گوتی: "مافی خۆیەتی بەرگری لەخۆی بکات".

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، کە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون، لە بەرامبەر ئەو هێرشانەشدا، ئیسرائیل هێرشی بەردەوامی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و لە ئەنجامدا زیاتر لە 11 هەزار کەس کوژران، کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنی بوون، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەروەها زیاتر لە 27 هەزار کەسیش برینداربوون..