کونسوڵی گشتیی چین سەردانی دامەزراوەی کوردستان24 دەکات

کونسوڵی گشتی چین  و بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی کوردستان24
کونسوڵی گشتی چین و بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەی کوردستان24

K24 – هەولێر:

لیو جیون، کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان سەردانی دامەزراوەی کوردستان24ـی کرد و لەلایەن ئەحمەد زاوێتەیی بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەکە پێشوازی لێکرا.

ئەمڕۆ سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) لیو جیون، کونسوڵی گشتیی چین لە هەرێمی کوردستان سەردانی دامەزراوەی کوردستان24ـی کرد و لەلایەن ئەحمەد زاوێتەیی بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەکە پێشوازی لێکرا، دواتر لە کۆبوونەوەی نێوانیان هەردوولا جەختیان لەسەر ئەو رۆڵە گرنگە کردەوە کە رۆژنامەگەری و میدیا دەیگێڕن لە پێشخستنی هەماهەنگی دۆستانە و قووڵکردنەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو گەلی چین و گەلی هەرێمی کوردستان.

ئەمەش لە کاتێکدایە کونسوڵخانەی چین لە هەرێمی کوردستان لە رۆژی سێشەممە (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) بەبۆنەی هەش ساڵەی دامەزراندنی دامەزراوەی کوردستان24 پیرۆزباییان لەو دامەزراوەیە کرد و لە پەیامێکدا رایانگەیاند، ئامانجیان پەرەپێدانی لێکتێگەشتنی دوولایەنەیە بۆ مەبەستی پتەوکردنی پەیوەندی نێوان گەلی چین و گەلی کورد.

هەروەها کونسوڵخانەی چین ئامادەیی خۆیان دەربڕی بەردەوام بن لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندی دۆستانە لەگەڵ دامەزراوەی کوردستان24 لە بوارەکانی میدیا و ئاڵوگۆڕی کارمەندانیان.

كوردستان24 لە رێگەی تۆڕێكی فراوانی پەیامنێران له‌ كوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان، بەخێرایی و بێلایەنانە، بە دوای رووداوەكاندا ده‌چێت و بەدواداچوونی وردی چركە بە چركەی ھەیە لەسەر ئەو بابەتانەی بۆ پێكھاتە جیاجیاكانی كوردستان جێگەی بایەخن، هاوسه‌نگی و بابه‌تیبوون و به‌رپرسیاریه‌تی له‌ رووماڵ و به‌دواداچوونه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان په‌یڕەو ده‌كات و بە گوێره‌ی ستاندارده‌ باوه‌كانی میدیایی و ئیتیكی رۆژنامه‌وانی کار دەكات.

دامەزراوەی کوردستان24 لە 31/10/2015 دامەزراوە، لەڕیگەی کەناڵی تەلەڤزیۆن و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیا و رادیۆ، هەوڵیداوە پیشەییانە و نیشتمانیانە مامەڵە لەگەڵ هەواڵ و زانیاریدا بکات، لە ماوەی کارکردنیشیدا کوردستان24 بووەتە سەرچاوەی میدیا جیهانییەکان.

ف
د
ژ
گ