لەیس دلێمی کێیە و حەلبووسی بۆ لە پۆستەکەی دوورخرایەوە؟

لەیس دلێمی و محەممەد حەلبووسی
لەیس دلێمی و محەممەد حەلبووسی

K24 – هەولێر:

دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ لە پۆستەکەی دووردەخرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ لەیس دلێمی لەماوەی رابردوو روویاندا.

دوای ئەوەی لە سەرەتای ئەمساڵ بە فەرمانێک، محەممەد حەلبووسی، بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی لەیس مستەفا حەممود دلێمی، لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق و وەک لە نووسراوەکدا هاتووە، لەسەر داوای خۆی دەستی لەکارکێشاوەتەوە، ئەم بڕیارەی حەلبووسی لەلایەن ئەو پەرلەمانتارەوە رەتکرایەوە، ململانێی ئەو دوو کەسایەتییە بەردەوام بوو تا گەیشتنە دادگای فیدراڵی.

سەرەتای کێشەکان نێوان حەلبووسی و دلێمی

لە (22ـی نیسانی 2022) محەممەد حەلبووسی، بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی لەیس دلێمی لە پارتی تەقەدووم، کە حەلبووسی سەرۆکایەتی دەکات بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە کاری پەیڕەویی و بڕیارەکانی سەرکردایەتی حزبەکەی و سەرپێچیکردنی لە رێکارەکانی پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە.

دوای ئەوەش لە (15ـی کانوونی دووەمی 2023) حەلبووسی، بە فەرمانی ژمارە (5)ـی پەرلەمانی لەسەر بنەمای ماددەی 12ـی یاسای پەرلەمانی عێراق بە ژمارە (13ـی ساڵی 2018) بڕیاریدا بە کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی لەیس دلێمی لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق لەسەر بنەمای دەستلەکارکێشانەوەی خۆی.

ئەم هەنگاوەی حەلبووسی بووە جێگەی نارەزایەتی ئەو پەرلەمانتارە و نیگەرانی لایەنە سوننەکانی دژ بە حەلبووسی، لەوانەش هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی موسەننا سامەرائی، کە بڕیارەکەی حەلبووسییان لەو کاتەدا بە تاكڕەوانە وەسف کرد.

لەیس دلێمی کێیە؟

لەیس مستەفا حەممود دلێمی لەدایکبووی 1976ـە و لە کۆتایی ساڵەکانی 2000ـەوە، تێکەڵاوی کاری سیاسیی بووە، ساڵی 2005 بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە دەستگیر دەکرێت و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ کۆمەڵێک لە گومانلێکراوانی دیکەدا نیشانی راگەیاندنەکان دران، لەو کاتەدا، لەیس دلێمی هاوار دەکات لەژێر فشاردا دانیناوە بەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراوە و ئەمەش دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناو و لە کۆتاییدا ئازادکرا.

ئەم هەنگاوەش بووە زیاتر ناساندنی لەیس دلێمی و لە هەڵبژاردنەکانی 2013 بووە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگا لە بەغدا و لە هەڵبژاردنی 2018 لەسەر لیستی هاوپەیمانی " بغداد المحور الوطني" و لە 2021 بە بەدەستهێنانی 17 هەزار و 830 دەنگ لەسەر لیستی حزبی تەقەدووم لە بەغدا، جارێکی دیکە بووەوە بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق.

دوای دوورخستنەوەی لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵدا، لەیس دلێمی، حەلبووسی بە ساختەکردنی نووسراوی دەست لەکارکێشانەوە تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، پێشتر داوای لێکردووە، نووسراوی دەستلەکارکێشانەوە بە واژۆکراوی بەبێ نووسینی بەروار بنووسێت ئەمەشی بۆ دوورخستنەوەی بەکارهێناوە.

کاردانەوەی حەلبووسی

لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بە حەلبووسی دەگات و لە گوتارێکی کورتدا سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بە بڕیارەکەی دادگا و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.

هاوکات محەممەد حەلبووسی جەختی کردەوە هەموو رێکارە دەستووریی و یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستی مافە دەستوورییەکانی و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیشی بە رێزنەگرتن لە دەستوور وەسف کرد.

هەڵوێستی وەزیرەکانی نزیک لە حەلبووسی

بەگوێرەی زانیاری هەندێک لە میدیا عێراقییەکان، دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، هەریەکە لە محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، خالید بەتتال، وەزیری پیشەسازی و کانزاکان و ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیری دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بە سوودانی کردووە.

حەلبووسی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

محەممەد حەلبووسی بۆ کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە چەند لیست و هاوپەیمانیەتییەک بەشداری کردووە، بە شێوەیەک هاوپەیمانی تەقەدومی نیشتمانی لە پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار، سەڵاحەددین، نەینەوا و دیالە، هاوپەیمانی "قیمەم" لە پارێزگاکانی ئەنبار و سەڵاحەددین، هاوپەیمانی ئەنبار ناسنامەمانە لە پارێزگای ئەنبار، هاوپەیمانی "قیادە" لە پارێزگاکانی کەرکووک، بەسرە، واست و بابل و هاوپەیمانی "خيمة واسط" لە پارێزگای واست.

کێبڕکێی لایەنە سوننەکانی عێراق لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەگشتی لە شەش پارێزگا کۆبووەتەوە، ئەوانیش پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەددین، دیالە و کەرکووکە، کە وابڕیارە لە (18ـی کانوونی یەکەمی 2023) بەڕێوەبچێت و هەریەکە لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە کە دوو لە سەرکردە دیارەکانی سوننەن، لەگەڵ هەردوو بەرەی حەسم و عەزم، کێبڕكێ لەسەر کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کێبڕكی لەسەر دەنگی سوننەکان دەکەن.