ئەمیر دەعمی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە محەممەد حەلبووسی کاریگەری لەسەر پڕۆسەی سیاسی عێراق دەبێت

ئەمیر دەعمی، شرۆڤەکاری سیاسی
ئەمیر دەعمی، شرۆڤەکاری سیاسی

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسی، رایدەگەیەنێت، دادگای فیدراڵی تۆمەتی ساختەکاری خستووەتەپاڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر ئەم تۆمەتە ساغبێتەوە ئەوا کۆتایی بە ژیانی سیاسی حەلبووسی دێت لە عێراق. هاوکات گوتیشی: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کاریگەری لەسەر پڕۆسەی سیاسی عێراق دەبێت.

ئەمیر دەعمی، شرۆڤەکاری سیاسی لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی لەسەر دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی، لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بڕیارێکی بوومەلەرزە ئاسایە، پێکهاتەی سیاسی حەلبووسی لەنێو سوننەکاندا گەورەترین هاوپەیمانییەتییان هەیە و قورسایی خۆیان هەیە لەناوچە سوننەنشینەکان، ئەم جۆرە بڕیارانە کاریگەریان لەسە تەواوی پڕۆسەی سیاسی عێراقدا دەبێت.

ناوبراو راشیگەیاند، ئەم بڕیارەی دادگا دەریکردووە بڕیارێکی رێزلێگیراوە و بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکارەکەی نازاندرێت کەوا دادگا پشتی بە چی بەستووە لەو بڕیارەیدا. ئاماژەی بەوەشدا، "ئەگەر ئێمە بڕوانینە پسپۆری دادگا، دەبینین پسپۆڕی دادگا بەشێک نییە لەو بڕیارەی کە دەریکردووە، دادگای تەنیا مافی ئەوەی هەیە کە قسە لەسەر دەرەنجامی هەڵبژاردن بکات بۆ پەرلەمان، ئەمەی کە روویداوە دەبوایە ئەرکی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانە بێت نەک دادگای فیدراڵی، ئەمەش بە پێی یاسا داڕێژراوە و لە ماددەی 12ـشدا ئاماژەی پێکراوە.

ئەو شرۆڤەکارەی سیاسییە دەڵێت: من ترسی ئەوەم هەیە لێکەوتەکانی بڕیاری دوورخستنەوەی حەلبووسی لێکەوتەی هەرێمیی بن، ترسی ئەوەم هەیە حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی ببێتە حکومەتێکی پەراوێزخراو، هەروەها پڕۆسەی سیاسی لە عێراق بەهۆی ئەم بڕیارە دەکەوێتە مەترسییەوە، یەکێک لە بنەماکانی ئەم مامەڵەیەی کە ئێستا هەیە لە پڕۆسەی سیاسی لە عێراق پەیوەندی بە محەممەد حەلبووسییەوە هەیە، چونکە حەلبووسی ئەو قورسایی خۆی هەیە لەسەر ئاستی پەرلەمان و لەسەر ئاستی خەڵکیش، رەنگە ئەم بڕیارە لێکەوتەی مەترسیدارتریشی لێبکەوێتەوە.

ئەمیر دەعمی، گوتیشی: لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە دوورخستنەوەی حەلبووسی تۆمەتی ساختەکاری ئاراستەی ناوبراو کردووە، هەروەها ئەگەر بێت و ئەم بتۆمەتی ساختەکارییە بەسەر حەلبووسیدا ساغبێتەوە، رەنگە کۆتایی بە ژیانی سیاسی محەممەد حەلبووسی بێت.

ئەو شرۆڤەکارەی سیاسییە، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، ئەم بڕیارەی دادگای فیدراڵی ئەگەر بێت و ببێتە هۆی کشانەوەی هاوپەیمانی تەقەدوم لە پەرلەمان، کاریگەرییەکی زۆر خراپی لەسەر عێراق دەبێت و رەنگە لێکەوتەکانی بچێتە سەر ئاستی هەرێمیی.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەرکرد. هەروەها دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی پەرلەمانتار لەیس مستەفا حەممودیشی دا.

لەلایەن خۆیەوە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی بڕیارەکەی دادگاوە رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگا جێگای سەرسوڕمانە. گوتیشی: دادگای فیدراڵی بەمجۆرە بڕیارانە رێز لە دەستوور ناگرێت.

محەممەد حەلبووسی، ئاماژەی ئەوەشی ئاشکراکردبوو، "کە نازانین ئەمجۆرە بڕیارانەی دادگای فیدراڵی لەکوێوە ئاراستە دەکرێن". جەختیشی لەوەکردەوە، رێوشوێنی یاسایی بۆ پاراستنی مافە دەستوورییەکان دەگرینەبەر.

محەممەد حەلبووسی لە ساڵی 2018ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە؛ هاوکات سەرۆکی حیزبی تەقەدوومە. پێشتر و بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە 29ـی ئابی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بە زۆرینەی دەنگ حەلبووسی کردە پارێزگار.