سام براونباك: ئەمەریکا سیاسەتی بەرامبەر بە ئیسرائیل ناگۆڕێت

سام براونباك، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا بۆ ئازادی ئایینی و نێودەوڵەتی
سام براونباك، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا بۆ ئازادی ئایینی و نێودەوڵەتی

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا بۆ ئازادی ئایینی و نێودەوڵەتی، ئاماژە بەوەدەکات، حەماس رێکخراوێکی تیرۆستییە و هێرشی کردووەتە سەر ئیسرائیل، هەروەها دەبێت کۆتایی بە حەماس بهێندرێت و نەمێنێت. گوتیشی: ئەمەریکا دەبێت هەڵوێستی بەرامبەر بە ئێران توندتر بێت.

سام براونباك، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا بۆ ئازادی ئایینی و نێودەوڵەتی لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، ئەمەریکا سیاسیەتی خۆی بەرامبەر بە ئیسرائیل ناگۆڕێت، هەروەها ئەمەریکا نایەوێت خەڵکی سڤیل لە غەززە ئازاری پێگات.

باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا بۆ ئازادی ئایینی و نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەوەدا، ئەمەریکا دژی ئەوەیە کە ئێران دەیکات، ئێران پشتیوانی لە حەماس و حزبوڵڵا دەکات. هاوکات دەڵێت: هیوادارم ئەم ململانێیە چارەسەر بێت بە زووترین کات و، حەماس رێکخراوێکی تیرۆستییە دەبێت لە غەززە نەمێنێت، چونکە سەرکردایەتی ئێران پارە دەداتە ئەم رێکخراوە.

ناوبراو راشیگەیاند، : حەماس بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل، هێرشەکەی کە لە 7ـی ئۆکتۆبەر ئەنجامیدا ژمارەیەکی زۆری لە خەڵکی ئیسرائیل کووشتن، بەڕاستی ئەمە بۆ ئیسرائیل شۆکهێنەر بوو، بێنە پیش چاوت چۆن دەکرێت حەماس و ئیسرائیل پێکەوە بژین.

سام براونباك گوتیشی: هیودارم خەڵکی لە غەززە بچنە شوێنێکی ئارام بۆ ئەوی بتوانن بە ئازادی بژین و بەڕێزەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.

باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا بۆ ئازادی ئایینی و نێودەوڵەتی، باسی لەوەشکرد، كه‌ : حەماس رێکخراوێکی تیرۆرستییە لە غەززە دەسەڵاتی هەیە، هەروەها رووسیاش کارێکی خراپی کرد کە هێرشی کردووەتە سەر ئۆکرانیا، بۆیە چۆن ئۆکرانیا وەڵامی هێرشەکانی رووسیا دەداتەوە، بە هەمان شێوە ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکانی حەماس دەداتەوە.

لەبارەی هەڵوێستی ئەمەریکا بەرامبەر بە ئێران، سام براونباك، رایگەیاند: ئیدارەی پێشووی ئەمەریکا سزای توندری خستبووە سەر ئێران، ئەو ئیدارەیەش سزای خستە سەر ئێران و زیاتریشی دەکات. رووسیا، ئێران و چین هاوپەیمانێتییەکیان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی رۆژئاوا، پێم وایە هەر ئیدارەکیش بێت رووبەڕووی ئەم هێزانە دەبێتەوە.

سام براونباك، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، لەدوای جەنگی حەماس و ئیسرائیل، هیواداره ئەو گۆڕانکارییەی کە دەکرێت بەرامبەر بە ئێران بێت، كه ئیدارەیەی ئەمەریکا توندربێت بەرامبەر بە سەرکردایەتی ئێران.

باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا بۆ ئازادی ئایینی و نێودەوڵەتی، لەبارەی کورد دەڵێت: ئەمەریکا زۆر شتی بۆ کورد کردووە، هیوادارم ئەمەریکا بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی کورد چونکە هەموو جیهان دەزانن کورد چی کردووە و، کورد کۆمەڵگەیەکی گشتگیر و فرەپێکهاتەی هەیە.

لەبارەی ئەوەی ئایا ئەمەریکا دۆستی بەرژەوەندییە و دوای تەواوبوونی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی جیهان جێدەهێڵێت؟، سام براونباك، گوتی: بەم شێوەیە نییە، بەڵام ئەوەی ئەنجامماندا لە ئەفغانستان جووڵەیەکی زۆر خراپی ئەمەریکا بوو، نەدەبوو شتێکی وا ئەنجامبدەین، دەبوو یارمەتیان بدەین و تاڵیبان لەناو ببەین، ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە بەرگریکردن لە دیموکراسی و لە ئازادی مرۆڤ و ئازادی ئایینی، بەردەوام دەبین لەو پرەنسیپانەی کە لەلای ئێمە پیرۆزن.

لەبارەی بەڕێوەبردنی غەززە دوای لەناوبردنی حەماس، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا بۆ ئازادی ئایینی و نێودەوڵەتی، ئاشکرایکرد، كه ئیسرائیل لە 2005 غەززیان بەجێ هێشت چونکە نەیدەویست حوکمڕان بن لەوێدا، گوتی: بەڵام دوای ئەوەی تیرۆرستانی حەماس هاتن شەڕ دروستبوو، کە حەماس لەناوچوو خەڵکی غەززە خۆیان بڕیاردەدەن کە چۆن غەززە بەڕێوە دەبەن، بەڵام تا حەماس مابێت ئیسرائیڵ رێگا نادات حەماس غەززە بەڕێوەببات.

لەبارەی بەردەوامی ناردنی هاوکاریەکانی ئەمەریکا بۆ ئیسرائیل، سام براونباك، گوتی: گفتوگۆیەک هەیە لەناو خەڵکی ئەمەریکا لەسەر ئەوەی کە دەڵێن تا کەی ئەم شێوازە هاوکارییە بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەمەریکا ئامادەیە بەردەوام هاوکاری ئیسرائیل بکات وەک وڵاتێکی دیموکراسی، وەکو نەتەوە و وڵاتی جوو لەسەر ئەم گۆی زەوییە، ئەم هاوکارییە بۆ ئیسرائیل بۆ ئەوەیە کە بتوانن پارێزگاری لەخۆیان بکەن.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردەسەر ئیسرائیل و زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژران، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، کە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 11 هەزار کەس کوژراون و نزیکەی 28 هەزار کەسیش بریندار بوون.