ئەمەریکا بەخشینی عێراقی بۆ کڕینی کارەبا لە ئێران بۆ چوار مانگی دیکە درێژ دەکاتەوە

K24 - واشنتن

ئەمەریکا بەخشینی عێراقی بۆ کڕینی غاز و کارەبا لە ئێران بۆ ماوەی چوار مانگی دیکە درێژکردەوە، بەمەش بەغدا بەردەوام دەبێت لە پشتبەستن بە وزەی ئێران. بەگوێرەی مەرجەکانیش تاران تەنیا دەتوانێت پارەکە بۆ کڕینی دەرمان و بواری مرۆیی بەکاربهێنێت.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رۆژی سێشەممە 14/11/2023، واژۆی لەسەر ئەو بریاڕە کرد کە رێگە بە عێراق دەدات بۆ ماوەی 120 رۆژی دیکە کارەبا و غاز لە ئێران هاوردە بکات. بڕیارەکە چووەتە کۆنگرێس و دەبێت لەوێش پەسەند بکرێت. پێدەچێت هەوڵەکە لە کۆنگرێس نیگەرانی بەدوای خۆیدا بێنێت، بەهۆی ئەوەی ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆنگرێس رەخنە لە ئیدارەی بایدن دەگرن، کە درێژکردنەوەی لێخۆشبوون بۆ هاوردەکردنی کارەبا و غازی ئێران لەلایەن عێراق توانای دارایی تاران بەهێزتر دەکات، لە کاتێکدا وەک ئەندامانی کۆنگرێس دەڵێن: تاران پشتگیری لە هەندێک گرووپی چەکداری میلیشیا دەکات و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان ناسەقامگیر کردووە.

ئێستا 10 ملیار دۆلاری ئێران کە لە فرۆشتنی کارەبا بە عێراق دەستیکەوتووە لە بانکەکانی عێراقدایە و تاران بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا ناتوانێت دەستی پێبگات.

ئێران راستەوخۆ ناتوانێت سوود لە قەرزەکەی وەربگرێت، بەڵکو بەپێی رێککەوتنی لێکتێگەیشتن لەنێوان واشنتن و بەغدا، دەبێت پارەکە بگوازرێتەوە بانکێک لە عومان و دواتر بکرێتە یۆرۆ، تارانیش تەنیا دەتوانێت پارەکە بۆ کڕینی ئەو پێدایستیانە بەکاربهێنێت، کە ئەمەریکا سزای بەسەردا نەسپاندوون وەک دەرمان، خۆراک و پێداویستی مرۆیی.

بەرپرسانی ئیدارەی جۆو بایدن دەڵێن: بڕێکی کەم لە پارەکانی ئێران کە لە فرۆشتنی وزە بە عێراق دەستیکەوتووە گواستراوەتەوە عومان، لەو بڕە پارەیەش هیچی بەکارنەهێناوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: بڕیاری درێژکردنەوەی بەخشینی عێراق لە کڕینی وزەی ئێران بۆ ئەوەیە کە عێراق بێ سەرچاوەی وزە نەبێت تاوەکو ئەو کاتەی خۆی دەتوانێت سەرچاوەی وزەی دابین دەکات.

بڕیاری درێژکردنەوەی بەخشینی عێراق لە هاوردەکردنی کارەبا لە ئێران و گواستنەوەی پارەکە بۆ بانکێکی عومان، هاوشێوەی ئەو ئەو شەش ملیار دۆلارەیە کە ئێران لە ساڵانی پێش 2020 لە فرۆشتنی نەوت دەستیکەوتبوو، پارەکە لە بانکێکی کۆریای باشوور هەڵگیرابوو. دواتر بەهۆی رێککەوتنێک لە بەرامبەر ئازادکردنی پێنج هاووڵاتی ئەمەریکی بە رەچەڵەک ئێرانی پارەکە گواستراوەیەوە بانکێکی قەتەر، بەو مەرجەی ئێران تەنیا بتوانێت بۆ کڕینی دەرمان و کەلوپەلی پزیشکی و خۆراک دەستی بە پارەکە بگات.

هەرچەندە بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران لەبارەی دەستگەیشتن بە پارەکە لێدوانی جیاواز دەدەن. هەرچی بەرپرسانی ئێرانن دەڵێن؛ ئازادن بۆ چ مەبەستێک سوود لە پارەکە وەردەگرن، بەڵام رۆژی سێشەممەی رابردوو، ماتیو میللەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتیکردەوە، زۆر دڵنیان کە ئێران تەنیا بۆ مەبەستی مرۆیی، کڕینی دەرمان و خۆراک دەتوانێت دەستی بە پارەکە بگات.