رۆژنامەیەک کارنامەی کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان جۆ بایدن و شی جینپینگ ئاشکرا دەکات

K24 - هەولێر

بەگوێرەی رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ، لەکاتی ئامادەکارییەکان بۆ ئەگەری کۆبوونەوەی لوتکەی سەرۆکەکانی ئەمەریکا و چین، چینییەکان داوایان کردووە کە شی جینپینگ سەرەتا لەگەڵ سەرکردە بازرگانییەکانی ئەمەریکا لە خوانێکی ئێوارەدا کۆببێتەوە پێش ئەوەی لەگەڵ جۆ بایدن کۆببێتەوە.

ڕۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، کۆشکی سپی مانگی رابردوو ئەو پێشنیازەی رەتکردووەتەوە و رایگەیاندووە، "بە کارنامەیەکی دوورودرێژ و کۆمەڵێک خاڵی ناکۆکییەوە، گرنگە سەرەتا لەگەڵ بایدن گفتوگۆی لەسەر بکرێت".

رۆژنامەکە پێی وایە کە چاوەروان ناکرێت کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممەی نێوان هەردوو سەرۆکەکە، کێشەکان چارەسەر بکات، کە واشنتن و پەکین هەوڵدەدەن سیستەمی جیهانی دووبارە دابڕێژنەوە، ئاماژە بەوە دەکەن کە رێگای کۆبوونەوەکە پڕ بووە لە مشتومڕ و سوکایەتی دیپلۆماسی. 

لە هەمان کاتدا بایدن و شی بەرژەوەندییان هەیە بۆ ئەوەی رکابەریی هەردوو وڵات نەگۆڕێت بۆ ململانێ.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ راشیگەیاند، "پێدەچێت ئیدارەی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکەدا کۆمەڵێک سەرکەوتنی بنەڕەتی بەدەستبهێنێت، بەو پێیەی هەردوو حکومەتەکە نزیکن لە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوپای وڵاتەکەیان، کە پەکین ساڵی رابردوو وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ تایوان رایگرت".

هەروەها بڕیارە هەردوولا تاوتوێی هاوکارییەکان بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە قاچاخچێتی "فێنتانیڵ" کەماددەیەکی کیمیاییە بۆ دروستکردنی ماددە هۆشبەرەکان بەکار دێت، کە چین سەرچاوەی ئەو ماددە کیمیاییانەیە کە بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکانی مەکسیک بۆ بەرهەمهێنانی دەرمانی ئەفیون بەکاریدەهێنن.

بە شێوەیەکی فراوانتر، شی هەوڵدەدات کات بکڕێت بۆ هەستانەوەی ئابووری و سەربازی چین بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بتوانێت پێشبڕکێیەکی گەورە بباتەوە.

ئیدارەی ئەمەریکا بەردەوامە لە گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانەی کە چین حەزی پێی نییە، وەکو فەرمانی راگرتنی وەبەرهێنانی ئەمەریکا لە تەکنەلۆژیا پێشەنگەکانی چین و توندکردنەوەی کۆنترۆڵەکان.