لە رێگەی سلێمانی – کەرکووک حەوت ئۆتۆمبێل پێکیاندادا؛ قوربانی لێکەوتووەتەوە
K24 - هەولێر
لە ئەنجامی پێکدادانی حەوت ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەی سەرەکی سلێمانی - کەرکووک حەوت کەس برینداربوون. گوتەبێژی هاتووچۆی کەرکووک هۆکاری رووداوەکە بۆ خراپی رێگەکە دەگەڕێنێتەوە.
بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-11-2023، نزیکەی 08:30 خولەک؛ حەوت ئۆتۆمبێل لەسەر رێگەی سەرەکی سلێمانی – کەرکووک پێکیاندا دا.
عەقید عامر نەریمان، گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک لە شوێنی رووداوەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی رووداوەکەوە حەوت کەس برینداربوون و رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی لە شاری کەرکووک کراون. گوتیشی، "چوار لەو ئۆتۆمبێلانەی تووشی رووداوی هاتووچۆ بوون، زیانە ماددییەکانیان زۆربوون؛ سێیانەکەی دیکەش زیانەکانیان کەمبوون و لە شوێنی رووداوەکە ڕۆشتوون".
عەقید عامر هۆکاری رووداوەکەی بۆ خراپی رێگەکەی گەڕاندەوە و گوتی، "لەسەر رێگەی سلێمانی - کەرکووک چاڵێک هەیە؛ کە باران دەبارێت ئاوی لێ کۆدەبێتەوە. شۆفێران چاڵەکە نابینن بۆیە لێی دەدەن، کۆنتڕۆڵ لەدەستدەدەن و تووشی رووداوی هاتووچۆ دەبن. ئەو رووداوەی ئەمڕۆش روویدا هەر بەوهۆیەوە بوو".
هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی تووشی رووداوەکە بوون، لە سلێمانییەوە بەرەو کەرکووک دەچوون. گوتەبێژی پۆلیسی هاتووچۆی کەرکووک دەڵێت، "ئەو چاڵەی لەسەر رێگەکە هەیە زۆر مەترسیدارە و پێویستە چارەسەرێکی بۆ بدۆزرێتەوە. کەمێک پێش ئێشتا خوا ئێمەی رزگارکرد، چونکە کەمی مابوو ئۆتۆمبێلێکی دیکە بەهۆی ئەو چاڵەوە تووشی رووداوی هاتووچۆ بێت و هەموومان بکاتە قوربانی".
بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، شەپۆلێکی بارانبارین کەرکووک و شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە. بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی کەرکووک ئاماژەی بەوە کردووە، تاوەکو ئێستا دوو میلیمەتر باران لە سنووری کەرکووک باریوە و ئەم شەپۆلە تاوەکو رۆژی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
عەقید عامر نەریمان ئاماژە بەوە دەدات، "لەکاتی بارینی یەکەم باران؛ شەقامەکان خلیسک دەبن. دەبێت شۆفێر بە خێراییەکی کەم لێ بخورێت و پابەندبێت بە خێرایی دیاریکراو، ئەگەر نا کاتێک خۆی لە چاڵێکی هاوشێوەی ئەمە دەدات، کۆنتڕۆڵ لەدەست دەدات و تووشی رووداوی هاتووچۆ دەبێت".