جەستن ترۆدۆ: پێویستە کوشتنی منداڵان لەکەرتی غەززە بوەستێت

جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا
جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا

K24 - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بەتوندی رەخنە لە ئیسرائیل دەگرێت و دەڵێت: پێویستە کوشتنی ژنو منداڵ و کۆرپەلەکان لە کەرتی غەززە بوەستێت.

پیشتر کەنەداش لەریزی ئەو وڵاتانەدا بوو کە دەیگوت، ئیسرائیل مافی خۆیتی بەرگری لەخۆی بکات، ئەمەش دوای ئەوەی لە 7ـی ئۆکتۆبەر کە بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، کە زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران و زیاترل لە 240 کەسیش بە بارمەتە گیران.

جەستن ترۆدۆ، سەرکوەزیرانی کەنەدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دەبێت ئیسرائیل ئەوپەری دان بەخۆی دا بگرێت، جیهان لە شاشەکان و تۆڕەکۆمەڵاتیەکان رووداوەکان دەبینێت، گوێمان لە دکتۆرەکان و منداڵان و خێزانەکان دەبێت کە دایک و باوکیان لەدەستداوە.

ترۆدۆ گوتیشی: "جیهان کوشتنی ژن و منداڵ و کۆرپەلەکان دەبینێت، پێویستە بوەستێت".

ستافی پزیشکانی نەخۆشخانەی شیفا لە کەرتی غەززە رایانگەیاند، ژیانی 36 کۆرپەلە لە مەترسیدایە، چونکە هیچ ئامێرێکی گواستنەوەی تێدا نییە، ئاماژەیان بەوەشکرد، لەو هەفتەیەدا لە وەتەی سووتەمەنی نەخۆشخانەکە تەواو بووە، سێ کۆرپەلە گیانیان لەدەستداوە.

ترۆدۆ باسی لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا 350 هاووڵاتی کەنەدی و خێزانەکانییان لە کەرتی غەززەوە گواستراونەتەوە.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، کە زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژراون، لە بەرامبەر ئەو هێرشانەشدا، ئیسرائیل هێرشی بەردەوامی بۆ سەر کەرتی غەززە دەستپێکرد و لە ئەنجامدا زیاتر لە 11 هەزار کەس کوژران، کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنی بوون، لەنێویاندا ژن و منداڵ هەروەها زیاتر لە 27 هەزار کەسیش برینداربوون..