جێگری پارێزگاری نەینەوا: بە هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان 280 خێزان گەڕانەوە زوومار

سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا
سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا

K24 - هەولێر

جێگری پارێزگاری نەینەوا رایدەگەیەنێت، بە هەوڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، 280 خێزانی دانیشتووی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان گەڕانەوە گوندی شێخان لە سنووری ناحیەی زوومار.

بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-11-2023، لە رێوڕەسمێکدا 280 خێزانی ئاوارەی دانیشتووی کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بە هەوڵی سەرۆک بارزانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان گەڕانەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە گوندی شێخانی سەر بە ناحیەی زوومار، لە پارێزگای نەینەوا.

سیروان رۆژبەیانی، جێگری پارێزگاری نەینەوا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "دوای چەندین ساڵ ئاوارەبوون بەهۆی شەڕی داعشەوە، ئەمڕۆ زۆر دڵخۆشین بە گەڕانەوەی کوسوکارمان بۆ گوندی شێخان لە سنووری ناحیەی زوومار. ئەم گوندە لەلایەن پێشمەرگە قارەمانەکانەوە ئازادکراوە کە رۆڵی سەرەکییان هەبوو لە رزگارکردنی شوێنەکانی دیکەی پارێزگای نەینەوا، بەتایبەتی زوومار".

جێگری پارێزگاری نەینەوا گوتیشی، "سوپاسی سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین کە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆیەوە لێژنەیەکیان پێکهێنا بۆ ئەوەی ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە سنووری ناحیەی زوومار".

سیروان رۆژبەیانی ئاماژەی بەوەش کرد، "لیژنەیەک پێکهێندراوە بۆ ئەوەی دووبارە ژیان و ئاوەدانی بۆ ئەم ناوچانە بگەڕێندرێتەوە. ئەمڕۆ سەرجەم دامودەزگا خزمەتگوزارییەکانی نەینەوا هەڵدەستن بە پشکنین بۆ ئەوەی بتوانن بارێکی رەخساو بۆ گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بڕەخسێنن".

جێگری پارێزگاری نەینەوا داوا لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات "رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی ئەو شارە ئارامی بەخۆیەوە ببینێت، خەڵکەکەی بتوانن بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و دەسەڵاتی شەرعی بگەڕێتەوە ناوچەکە".

زیاتر لە 660 هەزار ئاوارە لە هەرێمی کوردستان دەژین، 41%یان لە هەولێرن، 40% لە دهۆک و 19%ـیشیان لە سلێمانین. لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 25 کەمپی ئاوارە و پەنابەران هەن و خەرجی ساڵانەیان زیاتر لە 800 ملیۆن دۆلارە.

لە ساڵى 2014 چەکدارانى رێکخراوى تیرۆریستیی داعش ناحیەی زوومار و زۆرینەى ناوچەکانى سنوورى پارێزگاى نەینەوایان کۆنتڕۆڵ کرد. رۆژی دووشەممە، 25-10-2014، هێزەکانی پێشمەرگە بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی ناحیەی زووماریان لەژێر دەستی داعش رزگارکرد. دواتر پارێزگای نەینەوا لە ناوەڕاستی ساڵى 2017 بە تەواوى لەژێر دەستی داعش رزگارکرا.