ئومێد خۆشناو: مەترسییەکانی لافاو لە هەولێر کەمتربوونەتەوە

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

K24 - هەولێر

ئومێد خۆشناو دەڵێت، بەراورد بە ساڵانی رابردوو، "مەترسییەکانی لافاو لە هەولێر کەمتربوونەتەوە، بەڵام گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا گەرەنتی ئەوە نادات کە لافاو روونادات".

ئەمڕۆ چوارشەممە، 15-11-2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "بە خۆشحاڵییەوە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی  لافاو لە هەولێر ئەنجام دراون و ئێستاش بەشێکی دیکەی پڕۆژەکان لە جێبەجێ کردندان".

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، "بە تەواوبوونی پڕۆژەی کۆنکرێتکردنی رێڕەوی ئاوی باران و دروستکردنی بووکس کەلڤەرت بە رووبەری 780 مەتر دووجا بە گوژمەی نزیکەی 700 ملیۆن دینار؛ مەترسییەکانی روودانی لافاو لە سنووری پارێزگای هەولێر کەمتر دەبنەوە".

ئومێد خۆشناو ئەوەشی خستەڕوو، "پێشبینییەکانی کەشوهەوا پێمان دەڵێن، ئەمساڵ ساڵێکی باراناوی دەبێت و دەرباز دەبین لە وشکەساڵی کە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا دروستببىوو. مەترسییەکانی لافاو لە هەولێر کەمتربوونەتەوە، بەڵام گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا هیچ کاتێک ناتوانێت گەرەنتی ئەوە بدات کە لافاو روونادات".

گوتیشی: "دەستخۆشی لە تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەکەین کە لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا بە ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەک، مەترسییەکانی لافاویان کەمترکردووەتەوە. هەروەها تا ئێستا 350 کیلۆمەتر لە رێڕەوی کەندە سرووشتییەکان پاککراوەتەوە و، هەڵمەتەکە بەردەوامی هەیە بۆ پاککردنەوەی مەنهۆڵەکان".

پارێزگاری هەولێر جەختیشی لەوە کردەوە، "هەرچی لە توانای حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بووبێت ئەنجامی داوە بۆ ئەوەی مەترسییەکانی لافاو لە سنووری پارێزگای هەولێر و هەموو پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان کەمتر ببنەوە".