ئەنجوومەنی وەزیران ئامادەیی حکومەتی هەرێم بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت دووپات دەکاتەوە

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە 11/15، بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبووەوە.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجامی گفتوگۆی هاوبەشی نێوان وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵ و شاندی هەرێم لە ڕۆژانی 12-13 /11 سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆکوەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو.

سەرەتا سەرۆکوەزیران کورتەیەکی دەربارەی گفتوگۆکانی حکومەتی هەرێم و شاندی حکومەتی فیدراڵ بە سەرۆکایەتیى جێگریسەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی فیدراڵ کە ماوەی چەند ڕۆژێک لە هەولێر بوون، خستەڕوو.

سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە، کە لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێزگرتن لە دەسەڵات و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێم ئامادەیە لە زووترین کاتدا، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەست پێ بکاتەوە و هیوادارین لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵیش پەلە بکەن لە تەواوکردنی ئامادەکارییەکانی دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە.

دواتر ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای پێشوازی و پشتیوانیکردن لە بەڕێوەچوونی ئەرێنی دانووستانەکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم کە ئەم پرۆسەیە خزمەت بە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکان دەکات و بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم چەندین ملیار دۆلار زیان لە گەنجینەی گشتی کەوتووە، لە هەمان کاتدا ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پاراستنی ماف و شایستەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە و شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاسپارد کە لە چوارچێوەی دەستوور لە هەوڵ و گفتوگۆکانیان بەردەوام بن.

پاشان لە بڕگەی دووەمدا، پێشنیاری چەند وەزارەتێک سەبارەت بە ڕێکخستنەوەی داهاتی ناوخۆیان خرایەڕوو ، کە ڕێژەیەک لە داهاتەکانیان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی وەزارەتەکانیان و خزمەتگوزارییەکان بەکاردەهێنرێتەوە.

ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پەرەپێدان و ڕێکخستنەوەی سیستمی دارایی و ژمێریاریی لە هەرێم کردەوە، بەجۆرێک کە ببێتە مایەی باشتر بەڕێوەچوونی پرۆسەکانی خەرجیی دوور لە بیرۆکراتی و ڕووتین، هەروەها گرنگیی پەرەپێدانی بە دیجیتاڵکردنی مامەڵە و خزمەتگوزارییەکان بە ئاراستەی پێشکەشکردنی ئاسانکاریی و دەستکردنەوە وتوانادارکردنی دامەزراوەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەرک و خزمەتگوزارییەکان، ئەمەش بەسوود وەرگرتن لەو ڕێژە داهاتی گەڕاوەی وەزارەتەکانیان، لە چوارچێوەی سیستمێکی دارایی وژمێریاریی پێشکەوتوو، هەر لەم پێناوەشدا، وەزارەتەکان ڕاسپێردران کە هاوکاری و هەماهەنگی وەزارەتی دارایی وئابووری بکەن.

ئەنجومەنی وەزیران هەروەها بۆردی باڵای دارایی گشتی ڕاسپارد کە ڕێکاری پێویست سەبارەت بە بڕیاری ژمارە 219ی ئەنجومەنی وەزیران بگرنەبەر، هەروەها پێویستە مانگانە تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجیەکان بە بێ دواکەوتن ئاراستەی وەزارەتی دارایی وئابووری بکرێت تاکوو دواتر حکومەتی فیدراڵی لێ ئاگاداربکرێتەوە بۆ خەرجکردنی شایستەی دارایی مانگانەی هەرێمی کوردستان.

لە کۆتاییدا بابەتی داواکاری ئەو فەرمانبەرانەی کە بە بێ مۆڵەتی خوێندن، بڕوانامەیان بەدەستهێناوە و تا ئێستا بڕوانامەکانیان بۆ هەموارنەکراوەتەوە لەلایەن ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و وەزیرانی پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو .

ئەنجومەنی وەزیران وێڕای دووپاتکردنەوەی سیاسەتی حکومەتی هەرێم بۆ هاندانی فەرمانبەران بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی باڵا و برەودان بە بەرزکردنەوەی توانای پیشەیی و ئەکادیمیی کارمەندانی کەرتی گشتیی بە پێی پلانی پەسەندکراوی وەزارەتەکان، بڕیاریشیدا کە لیژنەیەکی تایبەتمەند لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان پێکبهێنرێت، بۆ پۆڵێنکردن و هەڵسەنگاندنی حاڵەتەکانی ئەو بڕوانامانەی کە بە بێ مۆڵەتی خوێندن بەدەستهاتوون، بۆ ئەوەی لە ڕووی زانستی و کارگێڕی و دارایی و یاساییەوە هەڵبسەنگێنرێن و دواتر دەرئەنجامی هەڵسەنگاندنەکە ، بخرێتە بەردەم کۆبونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران تاکوو بڕیاری کۆتایی لێ بدرێت.

657
67
6758