بێلیز هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل پچڕاند

K24 - هەولێر

حکومەتی بێلیز رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە پچڕاند.

لە بەیاننامەیەکدا حکومەتی بێلیز ئاماژەی بەوەکردووە، باڵیۆزخانەی ئیسرائیلی لە بێلمۆپانی پایتەخت داخستووە و هەموو چالاکییەکانی نوێنەری ئیسرائیل لە وڵاتەکەیان راگرتووە، بڕیاری پچڕاندنی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ ئیسرائیل، دەستبەجێ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

حکومەتی بێلیز، هۆکارەکەشی بۆ کوشتنی "خەڵکی مەدەنی و بێتاوان" لە کەرتی غەززە گەڕاندەوە، کە زیاتر لە مانگێکە بە سەختی لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆردومان دەکرێت، بەگوێرەی ئامارەکان تائێستا 11 هەزار و 500 کەس کوژراون، لەو ژمارەیەشدا چوار هەزار و 710 ژن و منداڵن.

وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل، لە بەیاننامەیەکدا بڕیارەکەی حکومەتی بێلیز بە "تەسلیمبوون بە تیرۆریزمی حەماس بە سەرۆکایەتی ئێران"ـە ناو دەبات.

بێلیز دووەم وڵاتە لە ئەمەریکای لاتین کە پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل لە دوای دەستپێکردنی شەڕەکەوە راگەیاند، دوای بۆلیڤیا لە یەکی ئەم مانگە، هەروەها کۆڵۆمبیا، شیلی و هندۆراس باڵیۆزەکانیان لە ئیسرائیل بانگهێشتکردەوە بۆ راوێژ.

زیاتر لە مانگێک تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکداری بزووتنەوەی حەماسی فه‌ڵه‌ستینی بۆ سەر ئیسرائیل کە لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراو و زیاتر له‌ هه‌زار برینداریشی لێكه‌وته‌وه‌، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كراون.

ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوەیەک، زیاتر لە مانگێکە  پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردوومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەوینییەی بۆ سەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 11 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.

هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 07ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیراون و 23 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.

ئا: لاڤین عومەر