کۆشکی سپی: گلۆپی سەوزمان بۆ ئیسرائیل هەڵنەکردووە بۆ هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەی شیفا

سەربازانی ئیسرائیل لە نەخۆشخانەی شیفا
سەربازانی ئیسرائیل لە نەخۆشخانەی شیفا

K24 - هەولێر

کۆشکی سپی رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵنەکردووە بۆ هەڵکوتانە سەر نەخۆشخانەی شیفا کە نەخۆشخانەی سەرەکی غەززەیە، ئاماژەی بەوەشکرد، "سوپای ئیسرائیل ئەو بڕیارەی داوە".

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە، جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە کۆشکی سپی، لەبارەی تۆمەتەکانی بزووتنەوەی حەماس لەدژی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا کە بەرپرسیارێتی تەواویان لە ئەستۆدایە لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا، گوتی: "رەزامەندی خۆمان نەداوە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەکە".

هێزەکانی ئیسرائیل لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە، چوونەتە ناو نەخۆشخانەی "شیفا" لە کەرتی غەززە، ئەمەش ترسی لە سەلامەتی هەزاران نەخۆش و کارمەند و کەسانی دیکەی سڤیل کە لەناو نەخۆشخانەکەدا گیریان خواردبوو، دروستکردبوو.

رۆژی سێشەممە، بایدن لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل قسەی کردبوو، بەڵام کێربی رەتیکردەوە بڵێت ئایا سەرۆکی ئەمەریکا ئاگاداری هێرشی پێشوەختە بووە یان نا گوتی: ناچمە ناو وردەکاریی گفتوگۆکانەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە هەر رۆژی چوارشەممە، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، تێدرۆس ئەدهانۆم گبریسوس رایگەیاند، "رێکخراوەکە پەیوەندی لەگەڵ کارمەندانی نەخۆشخانەی شیفا لە کەرتی غەززە لەدەستداوە".

سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سۆشیال میدیا رایگەیاند: راپۆرتەکانی هێرشەکەی سەربازی ئیسرائیل بۆ سەر نەخۆشخانەی شیفا زۆر ناڕەحەتکەرن، هەروەها جارێکی دیکە پەیوەندیمان لەگەڵ ستافی پزیشکی نەخۆشخانەکەدا لەدەستداوە و زۆر نیگەرانین لە سەلامەتی ستافی پزیشکی و نەخۆشەکانیان".

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، هێزەکانیان هێرشیان کردە سەر نەخۆشخانەی شیفا لە کەرتی غەززە.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران، لەبەرامبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززەی کرد، کە زیاتر لە 11 هەزار کەس کوژران و نزیکەی 28 هەزار کەسیش بریندار بوون.