کتێبی "پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ مەسعود بارزانی" بڵاوکرایەوە
K24 - هەولێر
لەژێر چاودێریی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و ئامادەبوونی کەسوکاری شەهیدان؛ رێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی کتێبی "البيشمركة والمناضل مسعود البارزاني" بەڕێوەچوو.
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023، لە هۆڵی محەممەد عارف جەزیری و، لەژێر چاودێریی و ئامادەبوونی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، ژمارەیەک فەرماندەی سەربازی، بەرپرسانی حکومی و حزبی و کەسوکاری شەهیدان، رێوڕەسمی بڵاوکردنەوەی کتێبی پێشمەرگە و شۆڕشگێڕ مەسعود بارزانی (البيشمركة والمناضل مسعود البارزاني) لە نووسینی شەهیدی قارەمان "رائید روکن حەیدەر شەهی" بەڕێوەچوو.
ئەم کتێبە لە زنجیرەی 33ـی چاپی پارێزگای دهۆک و بە پشتیوانی ڕاستەوخۆی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک و بەهاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی چاپ و چاپەمەنی پارێزگاکە چاپکراوە.
پارێزگاری دهۆک لە گوتەیەکدا سڵاو و رێزی سەرۆک بارزانی گەیاندە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی کوردستان، پێشمەرگە قارەمانەکان و دایکی شەهید حەیدەر "خەولا شەهی" کە سەرۆک بارزانی بە "شێرە ژن" ناوی بردووە.
د. عەلی تەتەر لە گوتەکەیدا بە درێژایی باسی لە ڕۆڵی شەهید حەیدەر شەهی، قارەمانێتییەکەی و ناوەڕۆکی کتێبە چاپکراوەکەی کرد. هەروەها پشتیوانی بەردەوامی خۆی بۆ چاپکردنی هەموو ئەو کتێبانە کە خزمەت بە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان دەکەن دووپاتکردەوە و گوتی، "باشترین وەفا بۆ شەهیدانی کوردستان ئەوەیە بەردەوامی بە رێبازەکەیان بدەین و بەرگری لەو دەستکەوتانە بکەین، کە شەهیدەکانمان بە خوێنی خۆیان پاراستوویانە".
هەر لە رێوڕەسمەکەدا بەڵگەفیلێمێک لەبارەی ژیان و قارەمانێتی شەهید حهیدهر شههی نمایشکرا و دواتر پارێزگاری دهۆک یەکەم کتێبی " البيشمركة والمناضل مسعود البارزاني" پێشکەشی دایکی شههید حهیدهر شههی کرد.
دایکی شههید حهیدهر شههی لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد، "دەست لە رێبازی کورد و کوردستان بەرنادەین" و دواتر ژمارەیەک پارچە میوزیک لەلایەن هونەرمەند بێکەس نوورییەوە پێشکەشکران. هاوکات رێکخراوی "شەدا" تابلۆیەکی وێنەیەکی ژمارەیەک شەهیدی قارەمانی شەڕی دژ بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش پێشکەشی د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک کرد.