جۆ بایدن: گەشبینم بەوەی حەماس دەتوانێت بارمتەکان ئازاد بکات

K24 - هەولێر

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، گەشبینی خۆی دەربڕی کە ئیسرائیل و حەماس دەتوانن بگەنە رێککەوتن لەسەر ئازادکردنی بەشێک لەو بارمتانەی کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە لە کەرتی غەززە دەستیان بەسەردا گرتووە، داواشی لە ئیسرائیل کردووە زۆر وریا بێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی لە نەخۆشخانەی شیفا.

جۆ بایدن لە دوای کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەی لوتکەی نێوان خۆی و شی جینپینگ هاوتا چینیەکەی لە کالیفۆرنیا، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە رێککەوتنی ئازادکردنی بارمتەکان گوتی: "من نامەوێت پێش شتەکان بکەوین، چونکە نازانم لە چوار کاتژمێری رابردوودا چی روویداوە، بەڵام هاوکارییەکی گەورەمان لەلایەن قەتەرییەکانەوە هەبووە".

ئاماژەی بەو "ئاگربەستە کرد کە ئیسرائیلییەکان لەسەری رێککەوتوون"، بایدن پێش ئەوەی قسەکانی ببڕێت گوتی: "دەوستم بەڵام گەشبینیەکی مامناوەندم هەیە".

قەتەر نێوەندگیری لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دەکات، لە پرسی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوەن.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی کە سوپای ئیسرائیل لە کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا لە کەرتی غەززە ئەنجامی داوە، بایدن رایگەیاندووە، داوای لە ئیسرائیل کردووە لە جموجۆڵە سەربازییەکانیدا لە نەخۆشخانەی شیفا "زۆر وریا بێت". گوتیشی: "با ورد ببمەوە. ئێمە داوامان کرد کە ئەوان زۆر وریابن."

سوپای ئیسرائیل و واشنتن حەماس تۆمەتبار دەکەن بەوەی کە نەخۆشخانەی شیفا وەک بنکەیەک بۆ بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە بە کار دەهێنێت، لەکاتێکدا بزووتنەوەکە ئەوە رەتدەکاتەوە.

رۆژی چوارشەممە، سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بۆ سەر نەخۆشخانەی شیفا ئەنجامدا، ئەمەش نیگەرانی و رەخنەی نێودەوڵەتی لێکەوتەوە سەبارەت بە چارەنووسی نەخۆشەکان و هەزاران هاووڵاتی مەدەنی کە لەناو نەخۆشخانەکەدا گیریان خواردووە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە رایگەیاند، سوپای ئیسرائیل بلدۆزەری رەوانەی نەخۆشخانەی شیفا کردووە و بەشێکی دەروازەی باشووریان رووخاندووە.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی دوو هەزار و 300 کەس لەو کۆمەڵگە پزیشکییەدا هەن، لەوانە نەخۆش، تیمی چاودێری تەندروستی و ئاوارەکان.

کۆمەڵگای پزیشکی شیفا کۆمەڵگایەکی پزیشکی حکومییە کە بە گەورەترین دامەزراوەی تەندروستی پزیشکی دادەنرێت لەناو کەرتی غەززە، سێ نەخۆشخانەی تایبەتمەند لەخۆدەگرێت کە بریتین لە نەخۆشخانەی نەشتەرگەری، نەخۆشخانەی پزیشکی ناوخۆ، نەخۆشخانەی منداڵبوون و ئافرەتان، 564 قەرەوێڵەی هەیە.