بڕیاری دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن و پەکین درا

K24 - هەولێر

پێنتاگۆن پێشوازی لە بڕیاری دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین کرد، کە پەکین زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر پچڕاند بووی.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا "پێنتاگۆن"، ئاماژەی بە گرنگی رێککەوتنی نێوان جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و شی جینپینگ هاوتا چینییەکەی کرد بۆ دوورکەوتنەوە لە سەرهەڵدانی ململانێیەکی نەخوازراو.

پاتريك رايدر،گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا، جەختی لە گرنگی هێشتنەوەی هێڵەکانی پەیوەندی نێوان هەردوو سوپا بە کراوەیی کردەوە، بۆ دوورکەوتنەوە لە لێکتێگەیشتن و حیساباتی هەڵە کە دەتوانێت ببێتە هۆی قەیران و ململانێ.

لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە سانفرانسیسکۆ، سەرۆکی ئەمەریکا دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان ئەمەریکا و چینی راگەیاند، ئەم راگەیاندنەش دوای کۆتایی هاتنی دیدارەکەی لەگەڵ هاوتا چینیەکەی هات.

دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممە شی جینپینگ بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەمەریکا بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی سەرکردە ئابوورییەکانی کۆڕبەندی هاوکاری ئابووری ئاسیا و زەریای هێمن، لە کالیفۆرنیا، کۆبونەوەی لوتکەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا ئەنجامدا.