شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان: دوورخستنەوەی حەلبووسی مەبەستێکی سیاسی لە پشتە

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی بە بڕیاری دادگای فیدراڵی، مەبەستێکی سیاسی لە پشتە.

د. سامان سۆران، شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە کوردستان24ـی گوت: "ئەو دادگایە یاسایەکی تایبەتی نییە، مێژووی هەڵبژاردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پۆل بریمەر، ئەمە یەکێکە لە کێشەکان".

گوتیشی: "ئەم دادگایە لە 2021 زۆر کاری دژ بە کورد ئەنجامداوە، یەکێک لەوانە هەڵوەشانەوەی یاسای نەوت و غاز، هەندێک کێشەی  دیکە کە کاری ئەو نییە، لە راستیدا دەبێت ئەم دادگایە شرۆڤەی دەستووری بکات، لە هەمانکاتیشدا پرەنسیپی وەرزی دەسەڵاتی پێ دەگوترێ، بەڵام ئەو دادگایە کاری ململانێ دەکات کە کار و ئەرکی ئەو نییە".

د. سامان سۆران ئاماژەی بەوەکرد: "ئەو بڕیارەی لەلایەن دادگای فیدراڵی بۆ درووخستنەوەی محەممەد حەلبووسی دراوە، سکاڵاکە لەلایەن یەکێک لە ئەندامە دوورخراوەکانی نزیک لە حەلبووسی تۆمار کراوە، بەناوی لەیس دلێمی ساڵێک پێش ئێستا بووە، بەڵام ئەوە پرسیارە، بۆچی دادگاکە لەم ساتەدا ئەم بڕیارە دەدات، کە نزیکە لە هەڵبژاردنەکانە ئەنجومەنی پارێزگاکان، لەم کاتەدا لێدانە لە سەرکردەی پێکهاتەیەک، ئەمە مەبەستێکی سیاسی لە پشتە".

گوتیشی: "ئێمە دەزانین ئەو بابەتە کێشە دروست دەکات، بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان".

راشیگەیاند: "ماددەی 93ی دەستوور باس لەوە دەکات کە ئەرکی دادگای فیدراڵی، ئەرکی پەسەندکردنی ئەنجامەکانە لەناو پەرلەمان، دەتوانین بڵێین ئەو بڕیارەی دژ بە حەلبووسی، بڕیارێکی سیاسییە، چونکە لە رابردوودا بڕیاری سیاسی دیکەشی داوە دژ بە کورد، بۆ لاوازکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان و کورد لە بە‌غدا کە لە رابردوودا روویداوە، خودی حەلبووسیش باسی لەوە کرد کە ئەم بڕیارە سیاسییە".

د. سامان، دەڵێت: "من ناتوانم پێشبینی ئەوەبکەم کە ئەو بڕیارە هەڵدەوەشێنەوە، چونکە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دەبێت جێبەجێ بکرێن".

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا.

لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.

هاوکات محەممەد حەلبووسی جەختی کردەوە هەموو رێکارە دەستووریی و یاساییەکان دەگرێتەبەر بۆ پاراستی مافە دەستوورییەکانی و بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیشی بە رێزنەگرتن لە دەستوور وەسف کرد.