کێڵگەکانی بەخێوکردنی مێرووەکان لە چەند وڵاتێک روو لە زیاد بوونن

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

کێڵگەکانی بەخێوکردنی مێرووەکان لە جیهاندا روو لە زیادبوونن، کێڵگەکان کار لەسەر چەند جۆرێکی دیاریکراوی مێرووەکان دەکەن، کە وەکو خۆراکی پڕۆتینی بۆ ئاژەڵە ماڵی و ماسییەکان بەکاردەهێنرێن. وەک شارەزایانی خۆراکناسی دەڵێن: دەکرێت مێرووەکان لە داهاتوودا ببن بە بەشێک لە پێکهاتەی سەرەکی بەرهەمە خۆراکییەکانی مرۆڤەکان.

گەورەترین کێڵگەی بەخێوکردنی مێروو لە جیهاندا لەم دواییانەدا لە شاری نێسلی فەرەنسا کرایەوە، کێڵگەکە بە سیستەمێکی بەرزی تەکنۆلۆژی بەڕێوەدەبردرێت، رووبەرەکەی 35 هەزار مەتر چوارگۆشەیە، ئەم کێڵگەیە ساڵانە 15 هەزار تۆن پرۆتین لە کرمۆکەی مێشەوە بەرهەم دەهێنێت.

هەر لە وڵاتی فەرەنسا، بڕیارە لە مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو کێڵگەیەک بە رووبەری 45 هەزار مەتر چوارگۆشە لە دەرەوەی شاری ئەمیانسی بکرێتەوە، کە ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە 100 هەزار تۆن پرۆتینی لە کرمی جۆری میلۆرم هەیە.

ئەم کێڵگانە بڕێکی زۆر لە مێرووەکان بەرهەم دەهێنن، وەک هەندێک جۆری سیسرکە و کرمۆکەی مێش، لە رێگەی تانکی پلاستیکی کۆنتڕۆڵکراوی پلەگەرمییەوە کە بۆ یارمەتیدانی گەشەکردنی خێرا دروستکراون.

لەو کێڵگانەدا پیسایی مێرووەکان پرۆسێس دەکرێت و دەکرێتە پەیین، لە هەمان کاتدا جەستەیان دەبێتە پڕۆتین و زەیتێکی دەوڵەمەند بە ماددە خۆراکییەکان بۆ ئاژەڵی ماڵی و ماسییەکان.

ساڵی رابردوو دوای دروستبوونی قەیرانی کەمی ئاردی گەنم، بەهۆی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا، هەندێک وڵاتی ئەوروپی تۆمەتبارکران بەوەی کە کرمۆکەی مێشیان لەجێی ئاردی گەنم بەکارهێناوە، لە دروستکردنی چەند بەرهەمێکی خۆراکی کە هەناردەی وڵاتانی ئاسیا دەکران.

سەرەڕای ئەوەی ملیۆنان خەڵکی جیهان مێروو و کرمەکان وەکو سەرچاوەی خۆراکی رۆژانەیان بەکاردێنن، بەڵام ئەوانە کەمینەیەکی ئەم جیهانەن.

بەشێک لە پسپۆڕانی خۆراکناسی دەڵێن: دەکرێت مرۆڤەکان سوود لە کرمۆکەی مێش و مێرووەکان وەربگرن و لە بەرهەمە خۆراکییەکان بەکاریبهێنن.

بیرۆکەی کێڵگەی مێروو، لە ساڵی 2014 لە باشووری ئەفریقا سەریهەڵدا، کە کۆمپانیای ئەگریپرۆتین، بە گوژمەی 11 ملیۆن دۆلار دەستی بە پرۆژەکە کرد و تائێستاش لە کارەکانی بەردەوامە.