عەرەب و تورکمان لە کەرکووک داوای دواخستنی هەڵبژاردن دەکەن

نیگەرانن لە زیادبوونی 257 هەزار دەنگدەر
kurdistan24.net

K24 - کەرکووک

عەرەب و تورکمان چوونەتە دادگای فیدراڵی و بە فەرمی سکاڵایان پێشکەش کردووەو داوای دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کەرکوک دەکەن، بە بیانووی ئەوەی کە 257 هەزار دەنگدەر لە تۆمارەکانی دەنگداران زیادکراوە.

لە کەرکووک بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بەگەرم و گوڕی بەرێوەدەچێت، هەرچەندە پێشهاتی سیاسی نوێش هاتوونەتە پێش، بەڵام چارەنووسی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هێشتا نادیارە.

پێکهاتەی عەرەب لە کەرکووک، کە ئێستا لە دەسەڵاتدان، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نین هەڵبژاردن بکرێت، زیاتر خوازیارن دۆخەکە وەکوخۆی بمێنێتەوە.

لەوبارەوە عەزام حەمدانی، کاندیدی هاوپەیمانی عروبە بە کوردستان24ی گوت: "سکاڵا لەلایەن لەلایەن پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان پێشکەشکراوە، پێویستە تۆماری دەنگدەران پاک بکرێتەوە ناوی زیادەی زۆرە، چونکە 257 ھەزار دەنگدەر بە نایاسایی زیادکراوە".

لە کەرکووک کورد  پێنج لیست وهاوپەیمانێتی  هەیە، بۆ بەشداریکردنێکی کاریگەرانە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پاڕێزگاکان، هەموو هێزە سیاسییەکانی یەک دەنگن و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە پێویست دەزانن.

مەلا فەرحان شەریعە، کاندیدی هاوپەیمانی مەشخەڵ لە کەرکووک دەڵێت: "لە دوای 16ی ئۆکتۆبەر پێگەی کورد لە حکومەتی خۆجێی کەرکووک لاواز بووە، هەوڵ تورکمان و عەرەبەکان بۆ ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن ئەوە دەگەیەنێت کە ترسیان هەیە پێگەی کورد لە کەرکووک بەهێز بێتەوە".

وابریارە لە 18ی کانوونی یەکەمی 2023، لە کەرکووک هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بەڕێوەبچێت.

بەگوێرەی داتاکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەیە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

هەر بەپێی داتاکان، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن، كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.