کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان داواکارییەکی پارتی لە کەرکووک جێبەجێ دەکات

پارتی لە کەرکووک
پارتی لە کەرکووک

K24 – کەرکووک:

دوای نووسراوەکەی ڕێگەپێدراوی پارتی بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک کە داوایکردبوو زمانی کوردی لە نووسراوە فەرمییەکانیاندا فەرامۆش نەکرێت و کەسێک بەفەرمی بۆ قسەکردن بەزمانی کوردی دابنرێت، ئەمڕۆ عەبدولباست دەروێش کە فەرمانبەرێکی کوردە لەکۆمیسیۆن بە فەرمی بۆ ئەو مەبەستە دەستنیشانکرا.

رۆژی پێنجشەممە (16ـی تشرینی دووەمی 2023) سامان رەشید، رێگەپێدراوی پارتی لە کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، "دوای داواکەی ئێمە کە ئاراستەی کۆمیسیۆنمان کرد، بە سوپاسەوە ئەمڕۆ بەڕێوەبەری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە کەرکووک، کەسێکیان بۆ قسەکردن بە زمانی کوردی بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن و رێنماییەکان بە زمانی کوردی دەستنیشانکرد".

سامان ڕەشید ئاماژەی بەوەشکرد، زمانی کوردی لە دەستووردا زمانی فەرمییە و پێویستە لە سەرجەم فەرمانگە و دامەزراوەکانی حکومەت بەکاربهێندرێت و بۆ گەڕاندنەوەی ئەم مافەش بێدەنگ نابین و هەموو هەوڵێکمان دەخەینە گەڕ.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

دوای 18 ساڵ، لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک بەڕێوەدەچێت، کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی 2005 و رووداوەکانی 16ـی ئۆکتبەرەوە، دەبێتە یەکەم هەڵبژاردنی ناوخۆیی لە شارەکە.

ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15 کورسی پێکهاتووە، 248 کاندید لە 10 هاوپەیمانییەتی، پێنج لیستی پارتی سیاسی و سێ کاندیدی سەربەخۆ، کێبڕکێ لەسەر ئەو کورسییانە دەکەن.

لەم هەڵبژاردنەدا، تەنیا ئەو دەنگدەرانی کارتی بایۆمەترییان هەیە یاخود ناوی خۆیان تۆمارکردووە ناویان لە تۆماری دەنگدەران هەیە، کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەران لە پارێزگای کەرکووک بریتییە لە 870 هەزار و 920 دەنگدەر. لەو ژمارەیەدا، 813 هەزار و 590 دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و 57 هەزار و 330 دەنگدەر لە دەنگدانی تایبەت دەنگ دەدەن.

هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە پارێزگای کەرکووک، 11 هەزار و 56 فەرمانبەر سەرپەرشتی پرۆسەی دەنگدان دەکەن لە 344 بنکەی دەنگدان کە لە دوو هەزار و 33 وێستگەی دەنگدان پێکهاتووە، بەشێوەیەک؛ بۆ دەنگدانی گشتی 318 بنکەی دەنگدان و هەزار و  898 وێستگەی دەنگدان ئامادەکراوە. بۆ دەنگدانی تایبەتیش 26 بنکەی دەنگدان و 135 وێستگەی دەنگدان پرۆسەکەیان تێدا بەڕێوەدەچێت

هاوکات لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە چەند لیستێکی جیاواز بەشدارییان کردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ناو و لۆگۆی خۆی بە لیستی ژمارە 197 بەشداری کردووە و 30 کاندیدی هەیە، هەروەها یەکێتی لەگەڵ حزبی شیوعی کوردستان هاوپەیمانیەتی " کەرکووک هێز و ئیراده‌مانه‌"ـی پێکهێناوە و ژمارەکەی 142ـە و لیستەکەیان لە 30 کاندیدی هەردوو حزبەکە پێکهاتووە.

هەروەها یەکگرتوو و کۆمەڵ لە پارێزگای کەرکووک بە هاوپەیمانییەتی "مەشخەڵی کەرکووک" بە ژمارە 163 بەشدارییان کردووە ق چوار کاندیدیان هەیە. حزبی سۆشیال دیموکراتی کوردستان بە ژمارە 202 و نەوەی نوێش بە ژمارە 167، لیستیان هەیە و بەجیا بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکە کردووە.