ساڵێك بەسەر رووداوەکەی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی تێدەپەڕێت

گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی
گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی

K24 – سلێمانی:

ساڵێک پێش ئێستا لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی، بەهۆى تەقینەوەى سیستەمی گەرمکەرەوەى غاز لە یەک خانەوادە 15 کەس گیانیان لەدەستدا و هەشت کەسیش برینداربوون. ئەندامێکی خانەوادەکە، دەڵێت: "بڕیاریانداوە جارێکى دیکە خانووەکەیان نۆژەن نەکەنەوە و لەوێدا ناژین، لەماوەى ئەم ساڵەشدا بە هەوڵى حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانى دیکە هەوڵدراوە چاودێرى ورد بخرێتە سەر کارى ئەو کۆمپانیانەى کە کارى دانانى سیستمى غاز دەکەن".

ساڵێک بەسەر رووداوی تەقینی غازی گەڕەکی کازیوەی سلێمانی تێپەڕی، رووداوێک کە ناخى هەموو کوردستانیانى هەژاند و سەرتاپای هاووڵاتییانى كوردستانی خەمبار کرد، دواى تێپەڕبوونى ئەو ساڵەش تەنها پاشماوەى کارەساتەکە ماوەتەوە و هیچ شتێک نەگۆڕاوە.

زامى دڵى حاجى مەزهەر شێخ رەحمان، کەسوکارى قوربانییانى رووداوەکە هێشتا سارێژنەبووە، چونکە لەو رووداوەدا 15 کەس لە خانەوادەکەى گیانیان لەدەستدا و 8ـى دیکەشیان برینداربوون، ناوبراو لەبارەیەوە بە کوردستان24ـی گوت: "سەبارەت بە خانووەکە وابزانم من چەند جارێک لە کەناڵەکان دووبارەم کردووەتەوە، ئێمە وەک حاڵەتى نەفسى خۆمان و بارە دەرونییەکەی خانەوادەکەمان بە گشتى ناتوانین لەو شوێنەدا بژین، لەبەر ئەوەى کاتى خۆى بڕیارمداوە ئەو شوێنە نۆژەن نەکەینەوە و دروستى نەکەینەوە بۆیە ئەو شوێنە هەروەک خۆى دەمێنێتەوە تا بزانین بارودۆخ چى بەسەر دێت، لەبەرئەوە لە شوێنێکى دیکە خەریکى خانوو دروستکردنین".

حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەرجەم شار و شارۆچکەکان رێوشوێنی تایبەتی گرتەبەر و ماوەیەکیش دانانى سیستمى غاز بۆ ماڵان و شوێنە گشتییەکانی راگرت، و  پێداچوونەوە و پشکنین بەکارى سەرجەم کۆمپانیاکاندا کراوە و دەکرێت، هەربۆیە ئێستا کۆمپانیاکان لە سلێمانى کە ژماریان 37 کۆمپانیایە بە هەماهەنگى لایەنە پەیوەندییدارەکان کار دەکەن و تا رادەیەکى باش توانراوە چارەسەرى گرفتەکان بکرێت .

لەلایەن خۆیەوە لۆفەر موحسین، نوێنەرى رێگەپێدراوى کۆمپانیایەکى دانانى سیستمى غاز، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە ئەندازیارى میکانیکمان هەیە ئەو هەڵدەستێت بە سەرپەرشتیکردنى ئەو کارانە، هەر لە تەنکى غازەکەوە هەتا لوقاحاتەکانى ترى ئەگەر بەم رێگایە دابنرێ هەر بۆنموونە ئەلەرمى غاز و قوفڵى کارەبایی کە ئەمانە رۆڵی سەرەکی دەبینن لەکەمکردنەوەى رووداوەکان، هەروەها چەند شتێکى تریش قوفڵمان هەیە لە کاتى زۆربوونى فشارى غاز خۆى ئۆتۆماتیکى قفڵەکە دەگرێتەوە بێ ئەوەى کارەباى هەبێت، ئەمانە کۆمەڵێ هۆکار و هاوکارى باشن بۆ ئەوەى دوربین لە رووداوە نەخوازراوەکان".

رووداوەکەى ساڵى رابردووى گەڕەکى کازیوەی سلێمانی قوربانى زۆرى خستەوە، هەربۆیە دواى ئەو رووداوە رێکارەکان بۆ دانان و بەکارهێنانى سیستمى غاز چڕکرانەوە و، کۆمپانیاکانى دانانى سیستمى غازیش داوادەکەن کە هاووڵاتییان زیاتر ئاگاداربن و لە کاتى دانانى ئەم سیستمە کار لەگەڵ ئەو کۆمپانیانە بکەن کە مۆڵەتى فەرمى کارکردنیان هەیە، بۆ ئەوەى رووداوەکەى ساڵى رابردوو لە هیچ شوێنێکى دیکە دووبارە نەبێتەوە.