هه‌ڵمه‌ت كێسته‌یی: ئامانجی کۆڕبەندی مێپس خستنەڕووی کێشەکان و چارەسەرەکانیانە

هه‌ڵمه‌ت كێسته‌یی، به‌رپرسی راگه‌یاندنی زانكۆی ئه‌مەریكی کوردستان له‌ دهۆك
هه‌ڵمه‌ت كێسته‌یی، به‌رپرسی راگه‌یاندنی زانكۆی ئه‌مەریكی کوردستان له‌ دهۆك

K24 – هەولێر:

چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە مێپس لە 19ـی ئەم مانگە لە دهۆک بەڕێوەدەچێت، به‌رپرسی راگه‌یاندنی زانكۆی ئه‌مەریكی کوردستان له‌ دهۆك، رایدەگەیەنێت، لە کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەندین تەوەری گرنگ تاووتوێ دەکرێت و، چەندین لایەن و کەسایەتی گرنگ لەو کۆڕبەندەدا بەشدار دەبن. گوتیشی: ئامانجی کۆڕبەندی مێپس خستنەڕووی کێشەکان و چارەسەرەکانیانە.

هه‌ڵمه‌ت كێسته‌یی، به‌رپرسی راگه‌یاندنی زانكۆی ئه‌مەریكی کوردستان له‌ دهۆك، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 رایگەیاند، ئەم کۆڕبەندە ساڵانە بەڕێوەدەچێت و پێش چەن مانگێکیش ئامادەکارییان دەستپێکردەوە بۆ کۆربەندی ئەمساڵ کە بڕیارە لە رۆژی یەکشەمە (19ـی تشرینی دووەمی 2023) بەڕێوەبچێت، کە چەندین میوان و کەسایەتی گرنگ لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە تێیدا بەشداردەبن.

راشیگەیاند، درووشمی ئەمساڵی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بریتییە لە نۆژەنکردنەوە، پێداچوونەوە و بەرەنگاربوونەوە بۆ پاشەڕۆژی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها باس لەوە دەکرێت کە چەندین ساڵە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناخۆشی، شەڕ و ئاڵۆزی لەو ناوچانە بەردەوامە و کۆتایی پێ نایەت، ئاگرێک دەکوژێندرێتەوە ئاگرێکی دیکە دەکرێتەوە.

به‌رپرسی راگه‌یاندنی زانكۆی ئه‌مەریكی کوردستان له‌ دهۆك، دەڵێت: لەم کۆڕبەندە چەندین پرسی گرنگ تاووتوێ دەکرێن کە پرسی هەنووکەین و زۆر گرنگە بۆ مەبەستی دروستبوونی سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

گوتیشی: ئامانجی کۆڕبەندەکە خستنەڕووی کێشەکان و چارەسەرەکانیانە، لەبارەی میوانانی بەشداربووی کۆڕبەندەکەش، هه‌ڵمه‌ت كێسته‌یی ئاماژەی بەوەدا، لە چەندین پانێڵی جیادا لە زانکۆی ئەمریکی دهۆک گەنگەشەی کۆمەڵێک پرسی گرنگ و چارەنووسساز دەکرێت، یەکێک لە میوانانی بەشداربووش بۆریس جۆنسۆنە، سەرۆکوەزیرانی پێشووی بەریتانیا، ژمارەیەکی زۆری وڵاتانی عەرەبیش لە کۆڕبەندەکەدا بەشداردەبن، هەروەها جێنین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوەتەکگرتووەکان لە عێراق بەشدارە لەو کۆڕبەندە.

به‌رپرسی راگه‌یاندنی زانكۆی ئه‌مەریكی کوردستان له‌ دهۆك، ئاماژەی بەوەشدا، نوێنەر و سەرۆکی چەندین لایەنی سیاسی کوردستان و عێراقیش لە کۆڕبەندەکەدا بەشداردەبن، هەروەها نوێنەری چەندین وڵاتی ئەوروپیش تێیدا بەشدارن، هەروەها ژمارەیەکی زۆریش لە باڵوێزی وڵاتان کە لە عێراقن بەشداردەبن.

هه‌ڵمه‌ت كێسته‌یی، گوتی: لەبارەی هەرێمی کوردستانیش لە کۆڕبەندەکەدا باسی دوو بابەتی گرنگ دەکرێت، یەکەمیان؛ پەیوەندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ. دووەمیان؛ ئاسایشی ناوچەکەش بە گشتی گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت، دەمانەوێت بە میوانە ناوخۆیی و بیانییەکان بڵێین؛ ئێستا ئەم دۆخە نائارام و ئاڵۆزەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، کوردستان بووەتە لانکەیەک بۆ ئەم جۆرە گفتوگۆ و دانوستانانە، بگەنە ئەنجام و ئاشتیەک بە شێوەیەکی گشتی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

گوتیشی: هەم دهۆک هەم هەرێمی کوردستان ئامادەن میوانداری هەموو لایەن و نەتەوەکان بکەن و گفتوگۆیان لەگەڵ بکەن لەپێناو دروستبوونی سەقامگیری بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

به‌رپرسی راگه‌یاندنی زانكۆی ئه‌مەریكی کوردستان لە دهۆک، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، پرسی ئاوارەکانیش بابەتەێکی سەرەکی ناو کۆبوونەوەکانی ناو کۆڕبەندەکە دەبێت، چونکە دهۆک لە هەرێمی کوردستان پشکی شێری بەردەکەوێت لە لەخۆگرتنی ژمارەیەکی بێشومار لە ئاوارە.

هه‌ڵمه‌ت كێسته‌یی، ئەوەشی ئاشکراکرد، کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشترین رێگەیە بۆ گەیاندنی دەنگی راستەقینە و وێنەی راستەقینەی کوردان و هەرێمی کوردستان بۆ هەموو جیهان.

لەبارەی گرنگی کۆڕبەندەکەش بۆ شاری دهۆک، به‌رپرسی راگه‌یاندنی زانكۆی ئه‌مەریكی کوردستان لە دهۆک، گوتی: بەهاتنی میوانان و کەسیاستییە بیانی و ناوخۆییەکان ئەو راستەیان بۆ ئاشکرا دەبێت و دەبینن کە کوردستان چەند ئارام و چەندە دەرفەتی کاری تێدایە و شوێنێکی گونجاویشە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی کە بێن و وەبەرهێنانی تێدابکەن.

هه‌ڵمه‌ت كێسته‌یی، دەڵێت: ئەمساڵ نزیکەی 300 میوان لە کۆڕبەندەدا بەشداردەبن، کە نیوە زیاتریان بیانیین.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە مێپس

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە مێپس، 19ی ئەم مانگە لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بە بەشداری زیاتر لە 150 کەسایەتی سیاسی و شارەزای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، کە کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی دەکات.

لە کۆڕبەندەکەدا چەندین پانێلی بەڕێوەدەچن کە تایبەتن بە ئەجێندای چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بریتی دەبێت لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئالنگاری ئەمنی، ئابووری و سیاسی، بارودۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانەکانی کەشوهەوا و رووبەرووبوونەوەی ئالنگارییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش چوارەمین کۆڕبەند بەڕێوە دەچێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت