تورکیا: 13 چەکدار لە زاب و خواکوڕک کوژران
K24 - هەولێر:
تورکیا کوژرانی 13 چەکداری پەکەکەی لە زاپ و خواکوڕک راگەیاند.
وەزارەتی بەرگری تورکیا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی بۆ سەر بنکەکانی پەکەکە لە زاپ و خواکوڕک دا 13 چەکداری پەکەکە کوژراون.
لە لایەکی دیکەوە پەکەکە رایدەگەیەنێت، لە ئەنجامی هێرشەکانیان بۆ سەر سوپای تورکیا لە زاپ و خواکوڕک و مەتینا، لە ماوەی هەفتەیەکدا 16 سەربازی تورکیا کوژراون.
شەڕی پەكەكە و توركیا لە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان تادێت زیاتر كاریگەرییەكانی لەسەر ژیانی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دەردەكەون، بەهۆی ئەو شەڕەوە نزیکەی 800 گوند و چەندین ناوچەی گەشتیاری لە سنووری هەرێمی کوردستان خاپوور و چۆڵکراون کە زۆرینەیان دەکەونە سنووری پارێزگای دهۆک، ئەوەش زیانێکی زۆری بە کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گەیاندووە.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی ناوهڕاستی مانگی ئابی ئهمساڵ، 274 گوند لە سنووری پارێزگای دھۆك بەھۆی شەڕەكەوە چۆڵكراون كە 250ـیان دەكەونە سنووری قەزای ئامێدی و 24 گوندیش دەكەونە سنووری قەزای ئاكرێ. ھەروەھا 47 گوند لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەھۆی پێكدادانەكانەوە چۆڵكراون.