محه‌ممه‌د ئیحسان: پێشتر قاهیره‌ و به‌یرووت شوێنی دیداره‌ گه‌وره‌كان بوون ئێستا هه‌رێمی كوردستان ئه‌و رۆڵه‌ ده‌بینێت

محه‌ممه‌د ئیحسان، مامۆستای زانكۆ له‌ له‌نده‌ن
محه‌ممه‌د ئیحسان، مامۆستای زانكۆ له‌ له‌نده‌ن

K24 – هەولێر:

مامۆستایه‌كی زانكۆ له‌ له‌نده‌ن ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات چه‌ندین ئه‌زموونی جیاواز له‌ دیداری کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس) ده‌خرێنه‌ڕوو، ده‌شڵێت هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت هه‌موو كات ئاماده‌ بێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌یه‌كدایه‌ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان كراوه‌ن، سه‌رنج بۆ ئه‌وه‌ش راده‌كێشێت پێشتر قاهیره‌ و به‌یرووت شوێنی دیداره‌ گه‌وره‌كان بوو، ئێستا هه‌رێمی كوردستان ئه‌و رۆڵه‌ ده‌بینێت.

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 17ـی تشرینی دووه‌می 2023) محه‌ممه‌د ئیحسان، مامۆستای زانكۆ له‌ له‌نده‌ن تایبه‌ت به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، ناوچه‌كه‌ پێویستی به‌ كۆڕبه‌ندێكی له‌و شێوه‌یه‌ی دیداری مێپس هه‌یه‌ به‌تایبه‌تی له‌و كاته‌دا كه‌ ئاڵۆزی و ململانێ و پێكدادانه‌كان فراوان بوونه‌ و په‌ره‌یان سه‌ندووه‌، نه‌خاسمه‌ له‌و دیداره‌دا قسه‌ له‌سه‌ر عێراقیش ده‌كرێت كه‌ ئاخۆ چۆن ده‌توانێت خۆی له‌و جه‌نگه‌ هه‌ڵگیرساوه‌ی له‌ ئارادایه‌ ده‌پارێزێت؟

محه‌ممه‌د ئیحسان سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ راكێشا، هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت دهۆك كه‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌ی له‌خۆگرتووه‌، پێگه‌یه‌كی ئه‌رێنی هه‌یه‌ بۆ تاووتوێكردنی مژاره‌ جیاواز و په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ ئایینده‌ و ستراتیژیه‌تی بۆچوونه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان و وڵاتان، به‌تایبه‌ت كه‌ چه‌ندین ئه‌زموونی جیاواز به‌یه‌كه‌وه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ و تاووتوێی پرسه‌ ستراتیژییه‌ هه‌نووكه‌یی و ئایینده‌ییه‌كان ده‌كه‌ن.

ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ له‌ له‌نده‌ن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌وه‌ی گرنگه‌ سه‌باره‌ت به‌و رووداو و پێشهاتانه‌ی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، بریتییه‌ له‌ پاراستنی هاووڵاتیان و قه‌واره‌ و ده‌وڵه‌ت، به‌تایبه‌ت كه‌ كه‌س نازانێت چاره‌نووسی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ره‌و كوێ ده‌چێت.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، له‌و قۆناغه‌دا كۆڕبه‌ندی مێپس یه‌كجار گرنگه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ به‌شداربووان ده‌توانن له‌ میانی گفتوگۆكانیاندا نه‌خشه‌ی ئایینده‌ دابڕێژن. روونیشیكرده‌وه‌، ئه‌و جۆره‌ دیدارانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر جێی بایه‌خن و گرنگی جیۆپۆله‌تیكی هه‌ریمی كوردستان نیشان ده‌ده‌ن، به‌تایبه‌تی كه‌ پێشتر قاهیره‌ و به‌یرووت شوێنی دیداره‌ گه‌وره‌كان بوون، ئێستا هه‌رێمی كوردستان ئه‌و رۆڵه‌ ده‌بینێت.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌ و به‌ پێویستی زانی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو كات ئاماده ‌بێت بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ر ئه‌گه‌رێكی نه‌خوازراو به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ناوچه‌یه‌كدایه‌ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان كراوه‌ن.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە مێپس، 19ی ئەم مانگە لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک بە بەشداری زیاتر لە 150 کەسایەتی سیاسی و شارەزای ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت، کە کوردستان24 سپۆنسەری میدیایی دەکات.

لە کۆڕبەندەکەدا چەندین پانێلی بەڕێوەدەچن کە تایبەتن بە ئەجێندای چوارەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە بریتی دەبێت لە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئالنگاری ئەمنی، ئابووری و سیاسی، بارودۆخی ئەمنی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گۆڕانەکانی کەشوهەوا و رووبەرووبوونەوەی ئالنگارییەکان و کەمکردنەوەی گرژییەکان.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لەلایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک رێکدەخرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش چوارەمین کۆڕبەند بەڕێوە دەچێت و سێ رۆژ بەردەوام دەبێت

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هوشیاری زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەیان کەسایەتی دیکە بەشداری دەکەن.

لەسەر ئاستی عێراق، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و بەها ئەعرەجی، جێگری پێشووتری سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەندین کەسایەتی دیکە لەسەر ئاست و پسپۆری جیاواز بەشدارن لە کۆڕبەندەکە.

لە دیارترین کەسایەتییە نێودەوڵەتییەکانی بەشداربوو لە مێپس 2023، بۆریس جۆنسن، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، نازم زەهاوی، وەزیری پێشووی گەنجینەی بەریتانیا، ئالپئارسلان بایراکتار، وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، جێنین هێنس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق و محەممەد مەهدی ئەکەر، وەزیری پێشووتری خۆراک و کشتوکاڵی تورکیا و چەندین کەسایەتی سیاسی، ئەکادیمی و پسپۆر لە بوارەکانی ئاشتی، ئاسایش و تەکنەلۆژیای زانیاری و هتد.