کێ دەبێتە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.. سوننەکان ئامادەکاری بۆ قۆناغی دوای حەلبووسی دەکەن

حەلبووسی و سێ لە کاندیدانی سوننە بۆ شوێنگرتنەوەی پۆستەکەی
حەلبووسی و سێ لە کاندیدانی سوننە بۆ شوێنگرتنەوەی پۆستەکەی

K24 – هەولێر:

ماوەی زیاتر لە سێ رۆژە لایەنە سوننەکانی عێراق لە گفتوگۆدان بۆ دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ محەممەد حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە بەرکەوتەی هەڵبژاردنی ئەو پێکهاتەیە و بەهۆی بڕیارێکی دادگای فیدراڵیشەوە، حەلبووسی لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.

هەرچەندە حزبی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی لە دوایین هەڵبژاردندا بووە گەورەترین هێزی سوننەکان، لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی بڕیارەکەی رۆژی سێشەممەی دادگای فیدراڵی، بڕیاریداوە سەرجەم نوێنەرەکانی لە کابینەی حکومەت و لیژنە پەرلەمانییەکان بکشێنێتەوە، ئەمەش بووەتە دەرفەتێک هێزە سوننەکانی دیکە بێنە پێشەوە بۆ پڕکردنەوەی پێگەکانی تەقەدووم.

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) دادگای فیدراڵی بڕیاری کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەر یەکە لە محەممەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش راستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دووردەخرێتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو کێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی رابردوو لە نێوانیان روویاندا. لە یەکەم کاردانەوەشیدا، حەلبووسی لەمیانی دانیشتنی پەرلەماندا، سەرسوڕمانی خۆی نیشاندا بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و رایگەیاند، هەندێک لایەن هەوڵی لێکترازانی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی عێراق دەدەن.

گەڕانەوەی سەرکردەکانی پێشووی سوننە

هاوپەیمانی حەسمی نیشتمانی لە (19ـی تەمموزی 2023) لە بەغدا خۆی ناساند کە زۆرینەی سەرکردەکانی پێشووی سوننەکانی لەخۆگرتووە، لەوانە ئوسامە نوجێفی، رافع عیساوی، جەمال کەربوولی و سابت عەباسی، لە یەکەم کاردانەوەشیاندا دوای دوورخستنەوەی حەلبووسی، پێشوازییان لە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی کرد.

ئەم هاوپەیمانیەتییە بە ئامانجی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق پێکهاتووە، کە زۆربەی هێزە سوننەکانی لەخۆگرتووە، جگە لە هاوپەیمانی سیادە (محەممەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەر) و هاوپەیمانی عەزم (موسەننا سامەرائی)، هەروەها ئوسامە نوجێفی وەک ئەمینداری گشتی هاوپەیمانییەکە و سابت عەباسی وەک سەرۆکی هاوپەیمانی حەسم دیاریکراون.

هاوپەیمانی حەسم بە سەرۆکایەتی سابت عەباسی، وەزیری بەرگری عێراق لە هەر 15 پارێزگاکە بەشداری لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کردووە و چەندین لایەنی عێراقی لەخۆگرتووە، کە بریتین لە حزبەکانی "الحل"، "متحدون"، "صدى المواطن"، "حركة العدل"، "تجمع تنمية"، "الانتماء الوطني"، "حركة حسم للإصلاح"، "المجد" و "الكتلة العراقية الحرة".

حەسم لە نەینەوا، ئەنبار، سەڵاحەددین و بەغدا لە هەوڵی ئەوەدایە دەنگی یەکەمی سوننەکان بێت و پۆستی پارێزگار لە ناوچە سوننییەکان وەربگرێت، ئێستاش بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کردووەتە دەرفەتێک پۆستەکانی تەقەدووم لە حکومەت و پەرلەماندا پڕبکاتەوە.

کێ شوێنی حەلبووسی دەگرێتەوە؟

‌هێزە سوننەکان لە گفتوگۆکانیان بەردەوامن بۆ دەستنیشانکردنی کەسێک بۆ ئەوەی لە شوێنی حەلبووسی ببێتە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و تا ئێستاش ناوی چەند کەسایەتییەک دەهێندرێت کە کاندیدی بەهێزن بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

یەکەم: سالم عیساوی

بەهێزترین کاندیدە تا ئێستا ناوی هاتووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە شوێنی حەلبووسی، کە ماوەی دوو خولە لەسەر یەک ئەندامی پەرلەمانی عێراقە و پێشتریش ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار بووە.

ناوی تەواوی سالم مەتەڕ عەبد حەسەن عیساوییە و لەدایکبووی ساڵی 1972ـی پارێزگای ئەنبارە، خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە و یەکێکە لە سیاسییە دیارەکانی سوننە لە ئێستادا، هیچ یەکێک لە لایەنەکانی دیکە ڤیتۆیان لەسەر دانانی نییە لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.

دووەم: مەحموود مەشهەدانی

مەحموود مەشهەدانی (لەدایکبووی 1948) یەکەم سەرۆک پەرلەمانی عێراق بووە لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە 2006 تا کۆتایی ساڵی 2008. دەرچووی کۆلیژی پزیشکییە لە ساڵی 1966 و وەک پزیشکێک لە سوپای پێشووی عێراق خزمەتی کردووە.

مەشهەدانی چەندین جاری دیکەش هەوڵیداوە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەربگرێتەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووە، دوایین جار لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا رکابەری حەلبووسی کرد و جیاوازی دەنگەکانیشیان زیاتر لە 180 دەنگ بوو.

سێیەم: تەڵاڵ زەوبەعی

تەڵاڵ خزەییر عەباس زەوبەعی (لەدایکبووی 1969) بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە راگەیاندن هەیە و چوار خولە لەسەر یەک لە بەغدا وەک ئەندامی پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت و لە خولی پێشوودا، سەرۆکی لیژنەی دەستپاکی بووە لە پەرلەمانی عێراق.

چانسی زەوبەعی لاوازە بۆ بوون بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئەویش بەهۆی ئەوەی لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە قبوڵکراو نییە، هەرچەندە لە 20ـی ئابی 2019 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پارێزبەندی پەرلەمانی لەسەر هەڵگیرا، دوای تۆمەتبارکردنی بە گەندەڵی.

هەڵوێستی حەلبووسی کشانەوەیە 

رۆژی سێشەممە (14ـی تشرینی دووەمی 2023) هەریەکە لە محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، خالید بەتتال، وەزیری پیشەسازی و ئەحمەد فەکاک، وەزیری رۆشنبیری، نامەی دەست لەکارکێشانەوەی خۆیان پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. لە ناوەڕۆکی نامەی دەستلەکارکێشانەوەیاندا ئاماژەیان بەوەکردووە، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بووە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق.

هاوکات لەسەر بڕیاری سەرکردایەتی ئەو حزبە، سەرجەم نوێنەرانی تەقەدووم بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن و سەرجەم نوێنەرانی ئەو حزبەش لە سەرۆکایەتی و ئەندامێتی لیژنە پەرلەمانییەکان دەست لەکاردەکێشنەوە.

ئەگەرچی لە رابردوودا سوننەکان بە بڕیاری بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا زیانی زۆریان بەرکەوت و یەکێک لەو سیاسییانەش حەلبووسی بوو کە بایکۆتکردنی سوننەکانی بە هۆکاری دواکەوتنی ناوچە سوننەکان لە رووی خزمەتگوزاری و ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی دادەنا، بۆیە لەم هەنگاوەیدا، پێناچێت تەنانەت حزبی سیادەی هاوپەیمانیشی بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر هاوهەنگاوی بێت.

هاوکات هاوپەیمانی عەزمیش کە موسەننا سامەرائی سەرۆکایەتی دەکات لەگەڵ ئەوەی پێشوازی لە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کرد، داواشی لە حزبی تەقەدووم کردووە، خۆیان جێگرەوەیەک بۆ حەلبووسی دەستنیشان بکەن، بەڵام بەشێک لە سەرکردەکانی ئەو هاوپەیمانییەش چاویان لە کورسییەکەی حەلبووسییە.

حەلبووسی و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان

محەممەد حەلبووسی بۆ کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بە چەند لیست و هاوپەیمانیەتییەک بەشداری کردووە، بە شێوەیەک هاوپەیمانی تەقەدومی نیشتمانی لە پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار، سەڵاحەددین، نەینەوا و دیالە، هاوپەیمانی "قیمەم" لە پارێزگاکانی ئەنبار و سەڵاحەددین، هاوپەیمانی ئەنبار ناسنامەمانە لە پارێزگای ئەنبار، هاوپەیمانی "قیادە" لە پارێزگاکانی کەرکووک، بەسرە، واست و بابل و هاوپەیمانی "خيمة واسط" لە پارێزگای واست.

کێبڕکێی لایەنە سوننەکانی عێراق لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەگشتی لە شەش پارێزگا کۆبووەتەوە، ئەوانیش پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەددین، دیالە و کەرکووکە، کە وابڕیارە لە (18ـی کانوونی یەکەمی 2023) بەڕێوەبچێت و هەریەکە لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە کە دوو لە سەرکردە دیارەکانی سوننەن، لەگەڵ هەردوو بەرەی حەسم و عەزم، کێبڕكێ لەسەر کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کێبڕكی لەسەر دەنگی سوننەکان دەکەن.

هەروەها رۆژی (17ـی تشرینی دووه‌می 2023) عومه‌ر ئه‌حمه‌د محه‌ممه‌د، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی كۆمیسیاران له‌ كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، له‌باره‌ی گۆڕینی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دومی نیشتمانی كه ئێستا‌ محه‌ممه‌د حه‌لبووسی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و به‌هۆی بڕیاری دادگای فیدراڵییه‌وه‌ دوورخراوه‌ته‌وه‌، هیچ بڕیارێكیان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتووه‌ .

لەلایەن خۆشیانەوە، محەممەد حەلبووسی و حزبی تەقەدووم و هاوپەیمانییەکانیان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکیان لەبارەی بایکۆتکردنی پرۆسەکە و کشانەوە لە کێبڕکێی هەڵبژاردن رانەگەیاندووە و چاودێران ئەو هەنگاوە بە خۆکوژی سیاسیی بۆ حەلبووسی دادەنێن لە ئەگەری بڕیارێکی لەوجۆرە بە تەواوی لە پرۆسەی سیاسی عێراق دووردەکەوێتەوە.