سێ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی فرسەت سۆفی تێدەپەڕێت

فرسەت سۆفی پارێزگاری کۆچکردوی هەولێر
فرسەت سۆفی پارێزگاری کۆچکردوی هەولێر

K24 – هەولێر

ئەمڕۆ سێ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی فرسەت سۆفی پارێزگاری پێشووی هەولێر تێدەپەڕێت، کە بەهۆی فایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستدا.

بۆ یادی سێ ساڵەی کۆچی دوایی فرسەت سۆفی، ئەمڕۆ شەممە 18/11/2023، لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد لە هەولێر لە سەر گۆڕەکەی رێوڕەسمێک رێکخراوە، بەشێک لە وێنەکانی فرسەت سۆفی لە کاتی کاروباری رۆژانە و چالاکییەکانی نمایشکراون.

نەسرەت سۆفی، برای فرسەت سۆفی بە کوردستان24ی گوت: "بەداخەوە کە فرسەت سۆفی کەم ژیا، بەڵام مرۆڤدۆستانە ژیا، ژیانی ئەو هەموو سیفەتێکی سەرکردەی تێدا هەبوو، چونکە سەرکردە هەمووکات لە ریزی پێشەوە دەوەستێت بۆ ئەوەی گیانی خۆی بکاتە قەڵغان تا ئەوانی تر بپارێزێت، بۆیە خۆی کردە قوربانی، ئەو هەمیشە ئامۆژگاری خەڵکی دەکرد خۆیان و ئازیزانیان لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بپارێزن".

باسی لەوەشکرد: "د. فرەسەت بەردەوام دەیگوت لەکاتی نەخۆشکەوتنم ناچمە نەخۆشخانەکانی دەرەوە، دەمەوێت لە نەخۆشخانەکانی کوردستان و لەگەڵ خەڵکی هەژار چارەسەر بکرێم، بەڵام کاتێک رەوانەی دەرەوەی وڵات کرا بۆ چارەسەر تەندروستی زۆر خراپ بوو بێهۆش بوو، ئەگەرنا قبووڵی نەدەکرد بۆ چارەسەر ببرێتە دەرەوە".

فرسەت سۆفی، پارێزگاری كۆچكردوی ھەولێر لە 21/5/1978 لە گوندی گەزنەی سنووری قەزای چۆمان لەدایکبووە، خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی لە قەزای سۆران تەواو کردووە، بۆ خوێندنی زانکۆ چووەتە ھەولێر، لە 2003 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا لە زانکۆی سەڵاحەدین وەرگرتووە، و ھەر لەو زانکۆیە بڕوانامەی ماستەری لە یاسای گشتی لە ساڵی 2009 و بڕوانامەی دکتۆرای لە 2012 بەدەستھێناوە، لە 2009 تا 2013 لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر وانەبێژ بووە.

لە ساڵی 2013 تا 2018، فرسەت سۆفی ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووە، لە 2016 تا 2019 ئەندامی کۆمیتەی چاکسازیی ھەرێمی کوردستان بووە، ھەروەھا ئەندامی دەستەی راوێژکاریی یاسایی لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری ھەرێمی کوردستان بووە، لە ئەیلوولی 2019 لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرا بە پارێزگاری ھەولێر.

فرسەت سۆفی یەکێک بوو لەو بەرپرسانەی حکومەت کە بە کەسێکی سادە و خزمەتکار ناسرا بوو، لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوام خەڵکی هۆشیار دەکرێتەوە کە خۆیان بپارێزن، لە 19ی تشرینی یەکەمی 2020، فرسەت سۆفی تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، لە 18ی تشرینی دووەمی 2020 لە نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە کۆچی دوایی کرد، لە 19ی تشرینی دووەمی 2020 تەرمەکەی گەڕێنرایەوە ھەولێر و لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەد بە خاکسپێردرا.

لەکاتی کۆچی دوایی فرسەت سۆفی، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا رایگەیاند: "د. فرسەت سۆفی نموونەی لێهاتوویی و دڵسۆزی و دەستپاكی و، كادیرێكی نیشتیمانپەروەر و چالاك بوو كە لە ماوەیەكی كەمدا توانی خۆی بسەلمێنێ و جێگەی خۆی لەناو دڵی جەماوەردا بكاتەوە، لەدەستدانی گەنجێكی دڵسۆزی وەك د. فرسەت خەسارەتێكی گەورەیە، كوڕێكی خۆم لەدەستدا".

لە ساڵی 2015، ئەوكاتەی فرسەت سۆفی ئەندامی راوێژكاری بوو لە سەرۆكایەتی ھەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، سەرۆك بارزانی لە نامەیەكدا دەستخۆشی لێدەكات و بۆی نووسیوە: "دەستخۆشی لە جەنابت دەكەم و داوات لێدەكەم ھەرچی لە تواناتاندایە بیكەن بۆ ریسواكردنی گەندەڵەكان و پەلكێشكردنیان بۆ دادگا و سزادانیان. بە ھەموو توانام پشتگیریتان لێدەكەم و ھەر كەسێك كۆسپی بۆ دروستكردن ئاگادارم بكەن".

.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا بۆ کۆچی دوایی فرسەت سۆفی رایگەیاند: "د. فرسەت کەسێکی نیششتمانپەروەر و دڵسۆز و لێهاتوو بوو، هەموو ژیان و تەمەنی خۆی لە خزمەتکردنی نیشتمان و خەڵکیدا بە سەربرد و لە هەموو پۆست و بەرپرسیارەتییەکانیدا، لە قۆناغی پەرلەمانتاریی و دواتریش، داکۆکیکارێکی دیاری پرۆسەی چاکسازیی بوو، بەتایبەتی وەک پارێزگاری هەولێر، ئەرکەکانی بە دڵسۆزی و لە خۆبردوویی بەجێ دەگەیاند و خۆم لە نزیکەوە، ئاگاداری دڵسۆزی و پەرۆشی و کارامەیی ئەو بووم لە خزمەتکردنی خەڵکی هەولێر و هەرێمی کوردستان بە گشتی ، بۆیە کۆچکردنەکەی زۆر خەمگینی کردم و زیانێکی گەورەشە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان".