ئێران: کوتلە فەڵەستینییەکان داوایان لە ئێمە نەکردووە راستەوخۆ بەشداری شەڕ بکەین

K24 - هەولێر

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تاران داواکارییەکی لە لایەن کوتلە فەڵەستینییەکانەوە پێنەگەیشتووە بۆ چوونە ناو شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بە رۆژنامەی فاینانشاڵ تایمزی بەریتانی راگەیاندووە، "کوتلە فەڵەستینییەکان هەرگیز داوایان لە ئێران نەکردووە بچێتە نێو شەڕەکەوە". گوتیشی: "هەموو شتێکیان هەیە، مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرهەم دەهێنن و توانای بەرهەمهێنانی کەرەستەی سەربازییان هەیە."

عەبدوڵڵاهیان گوتیشی: "رووبەڕووبوونەوەی راستەقینە لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلدا تەنیا لە چەند رۆژی رابردوودا دەستی پێکردووە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە رەنگە سوودی هەبێت بۆ ئەو گروپە چەکدارانەی کە بە شێوازی پارتیزانی شەڕ دەکەن.

هەفتەنامەی هێڵی حزبوڵڵای لوبنان، کە لەلایەن نووسینگەی خامنەییەوە بڵاوکراوەتەوە رایگەیاندووە، راپۆرتێک لەلایەن ئاژانسی رۆیتەرزەوە، سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان عەلی خامنەیی و ئیسماعیل هەنیە بڵاوکراوەتەوە کە لە "بنەڕەتدا درۆ بووە".

بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بزووتنەوەی حەماس ئەوەی رەتکردەوە کە لە راپۆرتەکەی رۆیتەرزدا هایبوو، رایگەیاند: "بەداخەوە بۆ بڵاوکردنەوەی هەواڵی بێ بنەما، داواش لە دەزگاکە دەکەین بەدواداچوون و وردبینی بکات".

سێ بەرپرسی ئێران و حەماس و ئاگاداری گفتوگۆکان بوونە و ئەوەیان رایگەیاندووە، خامنەیی بە هەنیەی راگەیاندووە کە وڵاتەکەی ناچێتە ناو شەڕەکەوە بە ناوی حەماسەوە، چونکە ئێران لە هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر ئاگادار نەکراوەتەوە، سەرچاوەکان لە زاری خامنەییەوە رایانگەیاندووە، ئێران بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی سیاسی و ئەخلاقی خۆی بۆ بزووتنەوەی حەماس، بەڵام بە بێ دەستوەردانی راستەوخۆ.

رەتکردنەوەی هەواڵەکە لە لایەن نووسینگەی خامنەیی دوای ئەوە هات، کە میدیاکانی سوپای پاسداران، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاند، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنە دەرەوە، ئیسماعیل قائانی، نامەیەکی بۆ فەرماندەی لیواکانی عیزەددین قەسام، محەممەد زەیف، ناردووە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە رێککەوتی نامەکە بکات.

قائانی لە نامەکەدا باسی لەوە کردووە کە "میحوەری مقاوەمە" پشتیوانی بزووتنەوەی حەماس دەکات لە شەڕی لەگەڵ ئیسرائیلدا لە کەرتی غەززە، ئاماژەی بەوەشکردووە، "دڵنیاتان دەکەینەوە، هەرچی پێویست بێت لەم شەڕە مێژووییەدا دەیکەین".