نهتەوە یەکگرتووەکان: پێویسته کۆمەڵکوژی و ستهم له غهززه کۆتاییان پێ بێت
K24 – هەولێر:
بهڕێوهبهری جێبەجێکار له سندوقی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان رایدهگهیهنێت، جارێکی دیکە دیمەنی کارەساتباری ئەو قوتابخانه دەبینین، کە منداڵان و ئاوارەکان له غهززه پەنایان بۆ بردووه و ئیسرائیلیش بۆردومانی دهكات. گوتیشی: "پێویستە کۆمەڵکوژی و ستەم کۆتاییان پێ بێت".
کاترین روسێل بهڕێوهبهری جێبەجێکار له سندوقی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (Unicef)، لە تۆڕە کۆمەڵایەتیهكان ناڕەزایەتی دژ بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر قوتابخانەیەکی غەززە نیشان دا.
روسێل داوایکرد کۆتایی بەو دۆخە ترسناکە بۆ منداڵان بهێنرێت.
کاترین روسێل دهڵێت: "جارێکی دیکە دیمەنی کارەساتباری ئەو قوتابخانانەی غهززه دەبینین، کە منداڵان و ئاوارەکان پەنایان بۆ بردووه". گوتیشی: "کۆمەڵکوژی و ستەم پێویستە کۆتاییان پێ بێت".
راشیگەیاندووە کە، "قوتابخانەکان پێویستە بپارێزرێن".
ئێوارەی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە هێرشیکردە سەر قوتابخانەیەک کە خەڵکێکی زۆر لە ئاوارەکان تێدا نیشتهجێن و بە هۆی هێرشەکەوە زیاتر له 50 کەس کوژران و ژمارهیهكی دیكهش برینداربوون.
زیاتر لە 40 رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس بۆسەر ئیسرائیل، لە ئەنجامدا زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژران و هەزارانی دیکەش بریندارن. هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە دەستگیرکراون.
ئیسرائیل وەکو تۆڵەکردنەوە، زیاتر لە مانگێکە پێگەکانی حەماس لە غەززە بۆردومان دەکات، ئەمە بێجگە لەو هێرشە زەمینیانهی بۆسەر شارەکە دەستپێکردووە. وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکانەوە، زیاتر لە 12 هەزار هاووڵاتی سڤیل کوژراون كه پێنج ههزاری منداڵن و زیاتر لە 30 هەزاری دیکەش بریندارن.
هاوکات تەندروستیی غەززە ئاشکرایکردووە، لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە تاوەکو ئێستا، زیاتر لە 135 دامەزراوەی تەندروستی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بەئامانج گیراون و 21 نەخۆشخانەش لەکارکەوتوون.